پێش خۆرهەڵاتنی ڕۆژی هەینی، هەزاران کڕیار لە سەرتاسەری ئەمەریکا بەرەو ناوەندە بازرگانییەکان و فرۆشگاکان ڕۆیشتن، بۆ سوودوەرگرتن لە داشکاندنەکانی 'هەینیی ڕەش' یاخود 'بلاک فڕایدەی' کە بە شێوەیەکی نەریتی دەکەوێتە ڕۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری و دەستپێکی وەرزی کڕینە بۆ جەژنەکانی کۆتایی ساڵ.
لە هەندێک لە ناوەندە بازرگانییەکان لە نزیکەی کاتژمێر پێنج و 30 خولەکی بەیانییەوە بەردەمی ناوەندەکان پڕبوون لە ئۆتۆمبێلی کڕیاران، کە چاوەڕێی کردنەوەی فرۆشگاکان لە کاتژمێر شەشی بەیانیدا بوون.
بلاک فڕایدەی پێشتر وەک نەریتێکی بازاڕکردنی تایبەت بە ئەمەریکا هەژمار دەکرا، بەڵام ئێستا بووەتە دیاردەیەکی جیهانی کە تێیدا ساڵانە بە ملیۆنان کڕیار لە سەرانسەری جیهاندا سەردانی ناوەندەکانی فرۆشتن و فرۆشگا سەرهێڵەکان دەکەن و لە داشکاندنی گەورەی نرخی کاڵاکان سوودمەند دەبن.
سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا وەک ناوەندی سەرەکیی فرۆشتنی بلاک فڕایدەی دەمێنێتەوە، وڵاتانی دیکەی جیهانیش نەریتی تایبەت بە بازاڕکردنی خۆیان پەرە پێ داوە. بۆ نموونە لە چین، 'ڕۆژی سەڵتەکان' یاخود 'ڕۆژی سینگڵەکان' بەڕێوە دەچێت کە تایبەتە بە داشکاندنی نرخەکان بۆ کەسانەی هێشتا هاوسەرگیرییان نەکردووە یان بێ هاوژین و دۆستن، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین بۆنەکانی بازاڕکردنی ئۆنلاین لە جیهاندا.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بازاڕکردنی پشووەکاندا، فرۆشیاران هیواخوازن بلاک فڕایدەی خەرجیی کڕیاران زیاد بکات. بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی بازاڕکردنی ئۆنلاین کە ڕۆژ بە ڕۆژ شێوازی بازاڕ دەگۆڕێت، پرسیار سەبارەت بە داهاتووی فرۆشتنی نەریتی دێتە ئاراوە.
فرۆشیاران بە وردی چاودێریی ئامارەکانی فرۆشتن دەکەن تا تێبگەن کڕیاران چەند ئامادەن خەرجی بکەن، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەڵاوسان، ڕێژەی سوود و تێچووی بەرزی ژیان کاریگەرییان لەسەر بژێوی خێزانەکان هەیە.
بۆ زۆرێک لە خەڵک، ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە تا کەلوپەلی ئەلیکترۆنی، جلوبەرگ، ئامێرەکانی ناوماڵ و دیارییەکانی جەژن بە نرخێکی داشکێنراو بکڕن. بەم شێوەیە ڕۆژی بلاک فڕایدەی بووەتە تایبەتمەندییەکی سەرەکی لە ڕۆژمێری فرۆشتنی جیهانیدا و پێشەکییەکی گرنگە بۆ وەرزی بازاڕکردن و جەژنەکان.