ئەمەریکا ئەمڕۆ جەژنی سوپاسگوزاری دەگێڕێت

جەژنی سوپاسگوزاری جەژنێکی ساڵانەی نیشتیمانییە لە ئەمەریکا کە بنەماکەی بریتییە لە سوپاسگوزاربوون بۆ هەموو ئەو شتانەی کە هەمانن.

جەژنەکە پشوویەکی فەرمیی فیدراڵییە کە هەموو ساڵێک لە چوارەم پێنجشەممەی مانگی یازدە بەڕێوە دەچێت. ئەم ئەمساڵ دەکەوێتە ڕۆژی پێنجشەممە، 26ـی یازدەی 2026.

جەژنی سوپاسگوزاری بەوە ناسراوە کە ئەندامانی خێزان پێکەوە لەسەر خوانێک کۆدەکاتەوە و بابەتی خۆراکی سەرەکیی ئەو خوانە بریتییە لە قەل.

بەهۆی ئەم جەژنەوە خەڵکانێکی زۆر گەشتدەکەن بۆ گەیشتن بەو ماڵەی کە خێزانەکەیان هەڵیبژاردووە تیایدا کۆببنەوە. بە گوێرەی کۆمپانیای تریپڵ ئەی، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 81 ملیۆن کەس گەشت بکەن؛ لەوانە نزیکەی 73 ملیۆن کەس بە ئۆتۆمبێل، نزیکەی شەش ملیۆن کەس بە فڕۆکە، و نزیکەی 2.6 ملیۆن کەسیش بە هۆکاری دیکەی گواستنەوەی وەک پاس و شەمەندەفەر و کەشتی، گەشتدەکەن.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ هاوسەرەکەی مەڵانیا ترامپ لە ڕێوڕەسمی لێخۆشبوونی قەلی جەژنی سوپاسگوزاریی ساڵی 2026ـدا، کە تێیدا قەلێک بە ناوی 'ئازادی' لە سەربڕین دەبەخشێت، لە کۆشکی سپی لە واشنتن، ڕۆژی 24ـی یازدەی 2026.

جەژنی سوپاسگوزاریی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ چەندین زریان و بۆران کە زۆربەی ناوچەکانی ئەمەریکایان گرتووەتەوە. دابەزینی پلەکانی گەرما و هەبوونی ڕەشەبا و دابارینی بەفر و باران کاریان کردووەتە سەر گەشتەکان.

دوێنێ چوارشەممە نزیکەی شەش هەزار گەشتی ئاسمانی بەهۆی باوبۆرانی باکوری خۆرهەڵات و ناوەند و باکور و باشوری خۆرئاوای ئەمەریکاوە دواخران.

شاری نویۆرک ناچاربوو فیستیڤاڵی بەناوبانگی مەیسیز بۆ ڕۆژی شەممە دوابخات، کە بڕیار بوو ئەمساڵ یادی 100ساڵەی ئەو فیستیڤاڵە بێت. ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا ئەو فیستیڤاڵە لە ڕۆژی سوپاسگوزاریدا ئەنجام نەدرێت.

بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەوا، فیستیڤاڵی جەژنی سوپاسگوزاری لە نیویۆرک دواخرا.

جەژنی سوپاسگوزاری سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 17 و هاتنی دەستەیەک لە کۆچبەری بەریتانیایی بۆ باکوری ئەمەریکا و نیشتەجێبوونیان لە شاری پلیمۆس لە ویلایەتی ماسەچوسێتس. بە گوێرەی گێڕانەوەکان، کۆچبەران لەدوای یەکەم دروێنە و کۆکردنەوەی بەروبوومەکانی هاوین لەمانگی یازدە ئاهەنگیان گێڕاوە و لەگەڵ دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا لەسەر خوانێک کۆبونەوەتەوە. گەلی رەسەنی وامپانۆئاگ گێڕانەوەی خۆی هەیە بۆ ئەو یادکردنەوەیە و بەجۆرێکی دیکە تەماشای ئەو مێژووە دەکات.