ئەمەریکا و چین لەسەر کۆنتڕۆڵی مرۆڤ بەسەر ژیری باڵای سەربازییدا ڕێکدەکەون

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت هەفتەی ڕابردوو بە کەناڵی سی ئێن بی سی ڕاگەیاند کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جین پینگ، لە کاتی کۆبوونەوەکەیاندا لە چین، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە مرۆڤ هەمیشە بەشدار بێت لەو بڕیارانەی لە ڕێگەی ژیری باڵا لە کایەی سەربازیدا دەدرێن.

حکومەتی ئەمەریکا دەستەواژەی 'ژیری باڵا' لە جێی 'ژیری دەستکرد' بەکار دەهێنێت.

ئەم ڕێککەوتنەی هەردوو سەرۆک لە هیچ بەیاننامەیەکی نووسراودا ئاماژەی پێ نەدراوە. لێدوانەکانی بێسێنت لە کاتێکدایە کە واشنتن و پەکین لە کێبڕکێدان بۆ پێشەنگایەتیکردنی جیهان لە بواری ژیری باڵادا. ئەمەریکا هەوڵی داوە باڵادەستی تەکنەلۆژییایی خۆی بپارێزێت لە ڕێگەی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی چین بە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان و چیپە کۆمپیوتەرییە ئاستبەرزەکان، هەرچەندە ڕێگەی بە هەندێک فرۆش داوە، وەک فرۆشتنی پرۆسێسەرەکانی H200ـی کۆمپانیای ئێنڤیدیا، بە پێی مۆڵەتی تایبەت.

پسپۆڕان داوای دانانی سنووری ڕوون بۆ ژیری باڵای سەربازی دەکەن

کیچ لیاو لە ناوەندی 'ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک' بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە 'سوپای ڕزگاری گەلی چین' هەوڵی داوە ژیری باڵا بەکار بهێنێت بۆ خێراکردنی بڕیاردانی سەربازی و بەدەستهێنانی باڵادەستی لە ڕێگەی جووڵەی خێراتر لە ڕکابەرەکانی.

لیاو ئاماژەی بەوە دا کە هاوڕایە لەگەڵ تێگەیشتنەکەی ترامپ و شی، چونکە بەبێ دانانی سنووری ڕوون و دیاریکراو لەسەر ئەوەی کام بڕیارانە دەبێت لە دەستی مرۆڤدا بمێننەوە، ڕەنگە فەرماندە سەربازییەکان لەژێر فشاری بارودۆخی جەنگدا پشت بە پێشنیازەکانی ئامێرەکان ببەستن.

ناوبراو گوتی، ''ئەو هەڵانەی ژیری دەستکرد کە دەبنە هۆی لەدەستدانی گیانی مرۆڤەکان، بەردەوام دووبارە دەبنەوە تا هەڵەیەکی کارەساتبار هەمووان ناچار دەکات بە خۆیاندا بچنەوە.'' لیاو جەختی لەوەش کردەوە کە هێشتا سیناریۆی بەرجەستە نییە کە پیشانی بدات چۆن هەڵەکانی ژیری دەستکرد دەتوانن جەنگێک هەڵبگیرسێنن، ململانێیەک پەرە پێ بدەن یان شەڕ درێژ بکەنەوە، هەروەها گوتی، ''پێویستە پێش ئەوەی باجێکی قورس بدەین، ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین.''

پێشەنگەکانی ژیری باڵا هۆشداری لە ڕادەستکردنی کۆنتڕۆڵی مرۆیی دەدەن

نیگەرانییەکان سەبارەت بە ژیری باڵا تەنیا لە بەکارهێنانە سەربازییەکاندا قەتیس نەماون. لە 22ـی مانگی یازدە، بەرپرسی باڵای ژیری دەستکرد لە کۆمپانیای مێتا، ئالیکساندەر وانگ، وتارێکی لە پلاتفۆرمی ئێکس بە ناونیشانی 'ژیریی باڵا بەڕێوەیە' بڵاو کردەوە و تێیدا هۆشداریی دا لە گەشەسەندنی تواناکانی ژیری دەستکرد و مەترسیی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی مرۆڤایەتی بەسەر ئەو تەکنەلۆژیایەدا.

وانگ نووسیویەتی، ''قورسە وێنای جیهانێک بکەین کە مرۆڤایەتی تێیدا کۆنتڕۆڵی خۆی بپارێزێت لەگەڵ بوونی ژیرییەکی باڵادا کە هەزار هێندە لە مرۆڤ زیرەکتر و بەتواناتر بێت لە هەموو بوارەکاندا.'' ئەو جەختی کردەوە کە ''نابێت ڕازی بین بە ڕادەستکردنی کۆمەڵگە بە ژیریی دەستکرد،'' هەروەها لە بری ئەوە داوای پەرەپێدانی تەکنەلۆژیایەکی کرد کە داهاتوویەکی ئەرێنی بهێنێتە کایەوە و سەربەخۆیی و توانای زیاتر بە مرۆڤ ببەخشێت؛ بەڵام بۆ گەیشتن بەوەش توێژەران دەبێت هەنگاوی جیاواز لەو ''ڕێڕەوە بنەڕەتییەی'' ئێستا بنێن.

لە لایەکی دیکەوە، ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، یاسەمین ئەنساری، وتارەکەی وانگی لە ئێکس بڵاو کردەوە و پرسیاری کرد، چەند هۆشداریی دیکە لەلایەن زانایان و ئەندازیارانی پێشەنگی ژیری باڵاوە پێویستە پێش ئەوەی یاسادانەران هەنگاو بنێن بۆ ڕێکخستنی ئەو کەرتە؟ ئەو نووسیویەتی، ''کاری لەپێشینەمان لە کۆنگرێس پێویستە جڵەوکردنی تاقیگە پێشکەوتووەکانی ژیری دەستکرد، ڕاگرتنی بەپەلەی پەرەپێدانی ژیری دەستکردی ئاستبەرز و قەدەغەکردنی ژیری باڵای دەستکرد بێت، ئەمەش ناکرێت تا ساڵی 2027 چاوەڕێ بکات.''

تێڕوانینی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی دژی ''هەر جۆرە ڕێکخستنێکی جیهانگیری یان هەر شتێکە کە ببێتە هۆی کۆنتڕۆڵکردن یان خنکاندنی'' ژیری باڵا. هەروەها بەڵێنی دا کە واشنتن ڕێگە بەو یاسایانە نادات کە ''توانا گەورەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە لەناو دەبەن.''

سەرۆک ترامپ وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند ئەمەریکا ''شانازی دەکات کە پێشەنگی جیهانە لە بواری ژیری باڵادا '' و تەکنەلۆژیاکەی بە ''نزیکەی بە تەواوی باش'' وەسف کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا کە ''هەندێک لایەنی خراپی'' هەیە کە پێویستییان بە چاودێری ورد هەیە. ناوبراو هەفتەی ڕابردوو لە لێدوانەکانیدا لە لووتکەی ئەیپێک لە شاری شێنجینی چین گوتی ''ئەمە ژیری باڵایە، بەڵام دەبێت چاودێریی بکەین، دەبێت وریا بین و دەبێت بیپارێزین.''