مەسعود بارزانی عێراق بە "بڕیاری سەرکێشانە" و "ماڵوێرانكەر" دژی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەکات

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشداری دا لە هەبوونی "هەڵچوونێکی ناشروشتی" لە لایەن عێراقەوە دژ بە هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی ڕۆژی سێشەممەی حکومەتی عێراقی بە نادەستوری و "سەرکێشانە" وەسف کرد.

بارزانی لە بەیاننامەیەکدا، ڕۆژی 24ـی یازدەی 2026، ڕایگەیاند، "ماوەیەكە لە ناوەندەكانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێكی ناسرووشتی لەدژی هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت كە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی بنەماكانی فیدراڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەكانی گەلی كوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆكەی ناتەندروست و سەركێشانە دەبینێتەوە."

سەرۆکی پارتی، بە ئاماژەکردن بە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، گوتی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتەکەیەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆکوەزیران لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاندووە و "بە کردەوەش هاوکارییان کردووە."

بەڵام بارزانی ناوەندەکانی بڕیاری عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی ئێستا هەڵمەتێکی "چەواشەکارانە" لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکان و ڕۆژانە "تۆمەتی ناڕەوا" لە دژی هەرێم بڵاو دەکرێتەوە.

بارزانی گوتی، "ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت. ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە."

بەیاننامەکەی مەسعود بارزانی دوای ئەوە هات حکومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە زنجیرەیەک بڕیاری گرنگی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و دانانی خاڵی پشکنین لە دەروازەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد. بڕیارەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەلایەن سەباح نوعمان، وتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڵاوکرانەوە.

بارزانی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و بنیادنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستووری عێراق کرد.

ئەو حکومڕانانی عێراقی بە جێبەجێنەکردنی دەستوور و پێشێلکردنی بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان تۆمەتبار کرد و گوتی ئەو بنەمایانە کلیلی ڕزگارکردنی عێراق لە قەیرانەکان و گەیشتن بە پێشکەوتن و ئاسوودەیین بۆ هەموو عێراقییەکان.

سەرۆکی پارتی هەروەها بە ئاماژە بە مێژووی خەباتی کورد و کارەساتەکانی ئەنفال، کیمیاباران، وێرانکردنی هەزاران گوند و گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچە کوردنشینەکان، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلی کوردستانە و خاوەنی مافە ڕەواکانی خۆیەتی.

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی، "پێویستە هەموو لایەكمان دەست بە بنەماكانی دەستوورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ ڕزگاربوونی لە دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی ڕەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێک پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانكەر نەبەستێت."

جەختیش دەكاتەوە لەوەی هەرێمی كوردستانی عێراق "لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلی كوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتە كایەوە و خاوەن مافی ڕەوای خۆیەتی. هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێک."