حکومەتی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری گرنگی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و دانانی خاڵی پشکنین لە دەروازەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، لە بەرامبەردا دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سەرسوڕمانی خۆیان نیشان دا و ڕایانگەیاند بڕیارەکان پێشێلکردنی دەستورن.
بریارەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەلایەن سەباح نوعمان، وتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕۆژی سێشەممە، 24ـی یازدەی 2026، ڕاگەیاندران.
یەکێتی و پارتی، کە لەسەر بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لە ناکۆکییەکی قوڵدان، بۆ یەکەم جار دوای چەندین هەفتە لە ململانێی توند، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. تێیدا دەڵێن ڕێوشوێنەکان "بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن."
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، بڕیارەکان سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرن:
1. ئاراستەکردنی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هیچ مۆڵەتێک بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکان نەدات، مەگەر لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە بێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان.
2. 'دەستەی دەروازە سنوورییەکان'ـی عێراق کۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بگرێتە دەست.
3. ئاراستەکردنی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی هەموو کێڵگە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتەکە کە لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوادان، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراقدان.
ڕێکارە ئەمنی و سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان:
1. 'فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور' هەموو دەروازە نافەرمییەکانی سەر سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابخات، لەوانەش دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
2. ئاراستەکردنی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ سپاردنی ئەرک بە 'لیوای یەکەم و دووەمی بەرژەوەندیی هاوبەش'، بۆ داخستنی هەموو ئەو دەروازە نافەرمییانەی کە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، کەرکووک و نەینەوا بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دەبەستنەوە.
3. وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزەی عێراق ئاراستە بکات بۆ پاراستنی هەموو کێڵگە نەوتییەکان و چاودێریکردنیان بە کامێرای چاودێری، لەوانەش ئەو کێڵگانەی لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی حکومەتی فیدراڵدان، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان.
ڕێکارە تەکنیکی، چاودێری و ئەندازیارییەکان:
1. دانانی میکانیزمێکی ڕوون بۆ ڕێکخستنی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لەنێوان پارێزگاکان و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە، بە جۆرێک هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندی بن.
2. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ پاراستن و چاودێریکردنی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت و بیرە نەوتییەکان، لەوانەش دامەزراندنی سیستەمێکی دیجیتاڵی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی بۆڕییە نەوتییەکان و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی قاچاخچێتی.
3. وەزارەتی نەوت پێوەری ئەلیکترۆنی لەسەر هەموو بیرە نەوتییە بەرهەمهێنەرەکانی سەرانسەری عێراق دابنێت.
4. تیمی ئەندازیاریی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران شوێنی تایبەت لە خاڵەکانی پشکنینی سەر ڕێگاکانی چوونە ناو پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک ئامادە بکات، بۆ ئەوەی کارمەندانی وەزارەتی نەوت، پۆلیسی وزە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق تێیدا جێگیر بکرێن. هەروەها تاقیگە لەو خاڵانە دابمەزرێنرێن بۆ پشکنینی ئەو بەرهەمانەی دەگوازرێنەوە بۆ ئەو پارێزگایانە.
5ـ. ئاراستەکردنی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بۆ گواستنەوەی هەموو کارگەکانی بەرهەمهێنانی قیری ئۆکسیدکراو و نەفتا، کە لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، کەرکووک و نەینەوادان، بەڵام لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی حکومەتی فیدراڵن، بۆ شوێنی دیکە لە ناو هەمان پارێزگاکاندا، لە ماوەی شەش مانگدا.
لە یەکەمین کاردانەوەی فەرمیدا بەرامبەر ئەم هەنگاوانە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە بڕیار و ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی عێراق ''جێگەی سەرسوڕمانن و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین.'' جەختی کردەوە کە ''هیچ شتێکی دەرەوەی دەستوور قبووڵکراو نییە'' و ئەو هەنگاوانە بەبێ هەماهەنگی و پێچەوانەی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا دراون.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوەیە و گوتی، ''ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و هەموومان ببین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.''
هەروەها یەکێتی و پارتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، "ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور حەکەم بێت لەنێوانیان. جگە لە دەستوور هەر ڕێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا پارتی و یەکێتی دەڵێن، "ئێمە پشتگیریی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتن، لەهەمانکاتدا بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیریی عێراق ناکات."
هەروەها دەڵێن، "بۆ هەموو لایەک دەبێت ڕوون بێت کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن."
لە لایەکی دیکەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا کە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003ـەوە هێندەی ئێستا گەورە نەبوون و وتی ''هەڕەشەیەکی وجوودی '' و ''سیاسەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم" داڕێژراوە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ڕووداودا ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕێگەی میدیا و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراقەوە هەوڵ دەدرێت قاچاخی نەوت لە بەسڕە و جورفولسەخر و دۆسیەی هێزە چەکدارەکان ببەسترێنەوە بە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەوە، هاوکات باس لە ناردنی سوپا بۆ سنوورەکان و دەرهێنانی بیرە نەوتییەکان دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی تەعریب و ڕاگواستن لە ناوچەکانی ماددەی 140.
لە ڕووی دارایی و بودجەشەوە، ئاوات شێخ جەناب وتی ڕەشنووسی ئێستای بودجەی عێراق ''زوڵمێکی زۆر لە کورد دەکات" و پێشبینی کرد کە ساڵی 2027 ساڵێکی قورس بێت بۆ هەرێمی کوردستان.