چیرۆکی جەژنی سوپاسگوازی ئەمەریکا بەردەوامە لە گۆڕانکاری

تەنها یەک بەڵگەی نووسراو هەیە کە لەلایەن کەسێکی بەشداربووی یەکەمین جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمەریکا لە ساڵی 1621ـدا نووسراوە.

ئەم بەڵگەیە نامەیەکە لەلایەن گەنجێکی 25 ساڵان بە ناوی ئێدوارد وینزلۆ نوسراوە و تێیدا باسی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ دەکات. وینزلۆ باس لە سێ ڕۆژ خواردن و ئاهەنگگێڕان دەکات، هەروەها دەڵێت نزیکەی 90 کەس لە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمەریکا هاتنە ئاهەنگەکە و پێنج ئاسکیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا.

دۆنا کێرتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مۆزەخانەی هۆڵی کۆچبەران لە شارۆچکەی پلیمۆس لە ویلایەتی ماسەچوسێتس دەڵێت، "لە ڕاستیدا ئەو گەنجە لە نامەکەدا هیچ زانیارییەکمان پێ نادات لەبارەی ئەوەی ئەو دوو گرووپە چۆن پێکەوە کۆبونەوە."

کێرتن دەڵێت، "تەنها باس لەوە دەکات کە کۆڵۆنیالیستەکان بڕیاریان داوە شایی و ئاهەنگ بە بۆنەی وەرزی کۆککردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵییەوە بگێرن، و ئەوان لەگەڵ گەلی وامپانۆئاگ پێکەوە بوون و لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئاهەنگ و خۆشیی جۆراوجۆر لەنێوان کۆڵۆنیستە ئینگلیزەکان و گەلی وامپانۆئاگدا بەڕێوە چووە."

بەڵام گێڕانەوەکانی گەلی ڕەسەنی وامپانۆئاگ وێنەیەکی جیاواز لە چۆنیەتی ئەو کۆبوونەوەیە دەخەنەڕوو. بە پێی ئەو گێڕانەوەیە، کاتێک کۆچبەرەکان ئاهەنگی یەکەم کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵییان لە ڕێگەی تەقاندنی تفەنگ و تۆپ گێڕا، باوباپیرانی ئەو گەلە ڕەسەنە چوون لێکۆڵینەوە بکەن بزانن چی ڕوویداوە. هەر بەو جۆرەش لە یەکەم جەژنی سوپاسگوزاری ئامادەبوون.

کێرتن دەڵێت، "جەژنی سوپاسگوزاری تەنها بریتی نییە لە چیرۆکی دەستەیەكی دڵخۆشی کۆڵۆنیالیستەکان کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەڵکی ڕەسەن کۆببنەوە و پێکەوە ئاهەنگ بگێڕن و چێرۆکەکە لەوێدا تەواوبێت."

کێرتن دەشڵێت، "ئەمە خاکی ئەوان بووە. ئەمە ماڵی ئەوان بووە. ئەوان لێرە نیشتەجێ بوون. تۆ ناتوانیت لە هیچ ڕووداوێکی کۆڵۆنی پلیمۆس تێبگەیت بەبێ تەماشاکردنی مێژووی گەلی وامپانۆئاگ."

گۆڕانی گێڕانەوەی مێژوویی جەژنەکە

لە ڕابردوودا، منداڵانی قوتابخانە لە ئەمەریکا فێرکراون کە ئاهەنگی ئاشتیانە و دۆستانە لەنێوان نیشتەجێبووە ئینگلیزەکان و ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان ڕوویداوە. بەڵام لە چەند نەوەی ڕابردوودا، شێوازی گێڕانەوەی مێژووی جەژنی سوپاسگوزاری گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

کێرتن دەڵێت، "نەوەکانی پێشوو زیاتر ئەو بەشانەی چیرۆکەکەیان هەڵدەبژارد کە پێیان وابوو لە سەدەی نۆزدەهەمدا یارمەتیی یەکگرتوویی ئەمەریکای گەشەسەندوو دەدەن. بۆیە ئەو شتانەیان ویستووە کە ناکۆکی و دابەشکارییەکانیان دەسڕیەوە، و کۆکردنەوەی خەڵکی پێکەوە لە بۆنەیەکدا و هاوبەشیکردنی ژەمێک لە خواردن و سوپاسی یەکدیکردن چەمکێکی یەکجار یەکخەرە."

ئەم تێڕوانینە نوێیە بۆ مێژووی جەژنەکە لە مۆزەخانەی پیلگریم هۆڵدا ڕەنگی داوەتەوە، کە کۆنترین و بەردەوامترین مۆزەخانەی گشتی ئەمەریکایە.

ئان مەیسن، کارمەندی ڕێبەری مۆزەخانەی هۆڵی کۆچبەران، دەڵێت، "ئێمە بەشێوەیەکی نافەرمی بە مۆزەخانەی موڵکدارییەکانی کۆچبەران ناسراوین. بۆیە ژمارەیەکی زۆر لەو کەلوپەل و شتە مێژووییانەمان هەیە کە موڵکی سەرنشینانی کەشتیی مەیفلاوەر و دانیشتووانی سەرەتایی پڵیمۆس بوون."

کۆنترین پارچەکان ئەو ئامرازانەن کە لەلایەن خەڵکی ڕەسەنی وامپانۆئاگ بەکارهێنراون.

مەیسن دەڵێت، "لەبەرئەوە زۆربەی چیرۆکی پڵیمۆس تەنها وەک چیرۆکی گەیشتنی کەشتیی مەیفلاوەر و ئاهەنگگێڕانی یەکەمین جەژنی سوپاسگوزاری دەگێڕدرێتەوە، بەبێ ئەوەی گرنگییەکی ئەوتۆ بەو خەڵکە بدرێت کە بۆ چەندین نەوە و بۆ هەزاران ساڵ پێش ئەو ڕووداوانە لێرە ژیاون."

هەروەها ئەوەش دەڵێت کە "ڕاستییەکە ئەوەیە کۆڵۆنیەلیستەکان کە هاتبوون نەیاندەتوانی لە یەکەم زستاندا بەردەوامبن لە ژیان بەبێ ئەو ماددانەی کە خەڵکی وامپانۆئاگ هەیانبوون."

لە سەدەی حەڤدەهەمدا، مەزەندە دەکرێت 40 هەزار کەس لە گەلی وامپانۆئاگ لە ناوچەی ماسەچوسێتس ژیابن، پێش ئەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان کە ئەوروپاییەکان لەگەڵ خۆیان هێنابوویانن، لەگەڵ جەنگ و دەربەدەری لە خاک و زەوییەکانیان، ببنە هۆی کەمبوونەوەیەکی زۆری ژمارەیان. ئێستا، مەزەندە دەکرێت نزیکەی 5 هەزار کەسێک لە گەلی وامپانۆئاگ لە ناوچەی نیو ئینگلاند هەبن کە ویلایەتەکانی کۆنێتەکت و مەین و ماسەچوسێتس و نیو هامشێر و رۆد ئایلەند و ڤێرمۆنت لەخۆ دەگرێت.

کێرتن پێی وایە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو، پێویستە ڕووداوەکان لە زیاتر لە یەک ڕوانگەوە ببینرێن.

هەروەها دەشڵێت، "ئایا دەکرێت ئەم دوو چیرۆکە جیاوازە لەگەڵ یەکتر بگونجێنرێن؟ من بڕوام وا نیە کاری مێژوو ئەوە بێت کە جیاوازییەکان یەکبخات؛ بڕوام وایە کاری مێژوو بریتییە لە واڵاکردنی زانیارییەکان تاوەکو تەماشابکرێن و هەڵبسەنگێنرێن، هەروەها واشمان لێبکات بە ڕێگەی جیاواز بیربکەینەوە."