دیموکراتەکانی ئەمەریکا 12 دیبەیت بۆ کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 ڕێکدەخەن

پارتی دیموکرات ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئەو کاندیدانەی لە حزبەکەی هەوڵ دەدەن ببنە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا، یەکەم دیبەیتیان لە مانگی شەش و حەوت ئەنجام دەدەن.

بەپێی پلانی پارتەکە، بە گشتی 12 دیبەیت بەڕێوە دەچێت و مانگی 3ـی 2028ـیش وادەی دواین دیبەیت دانراوە.

ئەم دیبەیتانە دەرفەتێک بۆ دەنگدەران دەڕەخسێنن تا ڕاستەوخۆ گوێ لە بۆچوون و بەرنامەکانی کاندیدەکان لەسەر بابەتە جیاوازەکان بگرن. هەروەها دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دیاریکردنی کاندیدی کۆتایی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 هەبێت.

کێن مارتن، سەرۆکی کۆمیتەی نیشتمانی دیموکرات، لە بەیاننامەیەکدا گوتی، پرۆسەی دیاریکردنی کاندید "یەکگرتوویی پارتەکەمان دەپارێزێت، کاندیدی کۆتاییمان بەهێزتر دەکات و دیموکراتەکان لە پێگەیەکی باشدا دادەنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆنترۆڵی کۆشکی سپی وەربگرنەوە."

لە بەرامبەردا، پارتی کۆماری هێشتا پلانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی دیبەیتەکانی هەڵبژاردنی 2028 ڕانەگەیاندووە.

پێشبینی دەکرێت کێبڕکێ بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی پارتەکە لە نێو هەردوو پارتدا توند بێت، چونکە بۆ یەکەم جار لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2016ـەوە، هیچکام لە دوو پارتەکە سەرۆکێکی لەسەرکاریان نییە کە مافی ئەوەی هەبێت بۆ خولێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.

بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکان، هەردوو پارت لە ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمەریکا هەڵبژاردنی سەرەتایی و کۆبوونەوەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن، کە بە پرایمەری و کۆکس ناسراون. ئەم پرۆسەیە تا کۆنگرە نیشتمانییەکانی هەردوو پارت، چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنی مانگی یازدەی 2028، بەردەوام دەبێت.

کۆمارییەکان ڕایانگەیاندووە ویلایەتەکانی ئایۆوا، نیو هامشێر، نیڤادا و کارۆلاینای باشوور ئەو شوێنانەن کە لە سەرەتای ساڵی 2028 دەنگدان تێیاندا بەڕێوە دەچێت. ئەمەش هەمان ڕیزبەندییە کە پارتەکە لە پرۆسەی دیاریکردنی بەربژێرەکانی ساڵی 2024 بەکاری هێنابوو.

هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان گرنگییەکی زۆریان بۆ کەمپەینی کاندیدەکان هەیە، چونکە هەر کاندیدێک هەوڵ دەدات لە سەرەتاوە پشتیوانیەکی بەهێز بەدەست بهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە، دیموکراتەکان هەندێک لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ساڵی 2024 دووبارە دەکەنەوە. بەپێی پلانی پارتەکە، کێبڕکێی ساڵی 2028 بە دەنگدان لە ویلایەتەکانی کارۆلاینای باشوور، نیڤادا و نیو هامشێر دەست پێدەکات.

بەڵام پارتی دیموکرات گۆڕانکاریشی لە خشتەی هەڵبژاردنەکانی کردووە و ویلایەتەکانی نیو مەکسیکۆ، میشیگەن و ڤێرجینیای خستووەتە ناو ئەو ویلایەتانەی کە لە سەرەتای ساڵی 2028 دەنگدان تێیاندا بەڕێوە دەچێت.