بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی: پاراستنی پێشەنگایەتی لە تەکنەلۆژیای چیپ و ژیری باڵا ئەرکی سەرەکیین

جەی کلەیتن، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا، لە دوو چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز و کەناڵی ئەی بی سی، بەرگری لە سیاسەتەکانی ئیدارەی ترامپ کرد سەبارەی بە ئاسایشی نیشتمانی و هۆشداری دا لە هەوڵەکانی ووڵاتی چین بۆ دەستگەیشتن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەمەریکا.

کلەیتن دەربارەی ڕووداوە سایبەرییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو قسەی کرد کە کاریگەرییان لەسەر هەندێک دامەزراوەی فیدراڵی و کۆمپانیای کەرتی تایبەت هەبووە، و وتی تا ئێستا هیچ نیشانەیەک نییە کە هێرشی سایبەریی ڕێکخراو بووبن.

هەروەها جەختی کردەوە کە ئەمەریکا رووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاری سایبەری دەبێتەوە، چونکە تواناکانی ژیری باڵا بە خێرایی گەشە دەکەن لە کاتێکدا زۆرێک لە سیستەمەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت هێشتا کۆن و بەسەرچوون.

کلەیتن هەروەها پێویستی پاراستنی پێشەنگایەتی ئەمەریکای لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بە تایبەتی ژیری باڵا و تەکنەلۆجیای سێمی کۆندەکتەر کردەوە.

سەبارەت بە نیگەرانی لە دەستگەیشتنی چین بە چیپە ئەلیکترۆنییەکان و سێرڤەرەکان سەرەڕای سنووردارکردنی هەناردەکردن، وتی پێویستە واشنتن رێگە نەدات کە نەیارەکانی دەستیان بە باشترین تەکنەلۆژیاکانی ئەمەریکا بگات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە ژێرخانی تەکنەلۆژیای ئەمەریکایی لە جیهاندا بڵاوبکاتەوە.

کلەیتن بە کەناڵی ئەی بی سی وت، "دەمانەوێت پێشەنگی تەواومان لە تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوودا بپارێزین. ئەمەش واتە ڕێگا نەدەین نەیارەکانمان دەستیان پێیبگات."

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە چیپەکانی کۆمپانیای نڤیدیا و تۆمەتەکانی گواستنەوەی چیپ بەشێوەیەکی نایاسایی، کلەیتن وتی لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر چەند کەیسی تاوانی سەبارەت بە هەوڵی هەناردەکردنی چیپی پێشکەوتوو تۆمار کراون.

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا وتی،"چیپەکانی کۆمپانیای نڤیدیا گەوهەرن. ئەوانە باشترین چییپن کە هەمووان خوازیارین. خەڵک زۆر شت دەکەن [لەپێناو بەدەستهێنانیدا] تەنانەت یاساش دەشکێنن."

سەبارەت بە پرسی سیاسەتی دەرەوە، کلەیتن پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانی سەرۆک دۆناڵد ترامپ کە پاش کۆبوونەوەی لوتکەیی لەگەڵ شی جین پنیگ و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیای بە هاوڕێ ناوبرد، کلەیتن وتی، "کاتێک لەگەڵ ڕێبەرانی هێزە ئەتۆمییە گەورەکان قسە دەکەین، دیپلۆماسی گرنگە و پەیوەندی و گفتوگۆ گرنگن." بەڵام لەهەمان کاتدا وتی، "بە هیچ شێوەیەک [پوتن] هاوڕێی ئەمەریکا نییە."