گەشتەکەی وەزیری جەنگی ئەمەریکا هەوڵێکە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی سەربازی لە کیشوەرەکانی ئەمەریکا

وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسێت ئەم هەفتەیە کۆتایی بە گەشتێکی چوار وڵاتی بۆ ئەمەریکای لاتین هێنا، دوای ئەوەی ڕێککەوتنێکی هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ڤەنزوێلا واژۆ کرد.

ڕێککەوتنەکە پەیوەندییە بەرگرییە پچڕاوەکانی زیاتر لە دوو دەیە زیندوو دەکاتەوە و ئەو وڵاتەی کە ئەمەریکا لە مانگی یەکدا هێرشی کردە سەر، دەکاتە وەک هێگسێت وتی '' هاوبەشێکی ئاسایشی ''.

گەشتەکە لە ڤەنزوێلاوە دەستی پێکرد، کە تێیدا ڕێککەوتنە سەربازییە نوێیەکە کۆتایی بە دابڕانی 21 ساڵەی پەیوەندییە بەرگرییەکان دەهێنێت. پاشان سەردانی کۆڵۆمبیای کرد و فڕۆکەیەکی جۆری C-130 Herculesی ڕادەستی هێزی ئاسمانی و بۆشایی کۆڵۆمبیا کرد. دواتر بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا گەشتی کرد بۆ ئیکوادۆر و لە هۆندوراس کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا. لە هەردوو وڵاتەکەدا کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکەکانیان تیشکیان خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو.

شیکەرەوەی سیاسیی ڤەنزوێلایی و ڕەخنەگری دێرینی بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشووی مادورۆ، واڵتەر مۆلینا، ڕایگەیاند کە گەشتەکە لە چوارچێوەی ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ پێی دەڵێت ڕێبازیی نوێی '' دۆنرۆ '' جێی دەبێتەوە، کە ئامانجی بەهێزکردنی ئامادەیی ئەمەریکایە لە سەرانسەری نیوەگۆی ڕۆژئاوادا. مۆلینا گوتی '' ئامانجی سەرەکی نەهێشتنی هەموو هەژموونی زلهێزەکانی دیکەیە، یان ئەو لایەنانەی کە ئەمەریکا بە نەیارە جیۆسیاسییەکانی خۆیانی دەزانێت، بە تایبەتی ڕووسیا، ئێران و چین.''

هێگسێس خۆیشی لە وتارەکەیدا لە ڤەنزوێلا ئاماژەی بەم ڕێبازە کرد و ئۆپەراسیۆنی '' سووربوونی ڕەها '' ی وەبیرهێنایەوە، کە تێیدا هێزەکانی ئەمەریکا لە 3 ی مانگی یەکدا نیکۆلاس مادورۆ و سیلیا فلۆرێسی هاوسەریان دەستگیر کرد، کە هەردووکیان لە نیویۆرک ڕووبەڕووی تۆمەتەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بوونەتەوە.

هێگسێس گوتی '' ئەمە ڕێبازی دۆنرۆیە. ڤەنزوێلا لە توندترین هەڕەشەی هەرێمی ئێمەوە گۆڕاوە بۆ هاوبەشێکی ئاسایشیی گوێڕایەڵ لەسەر ڕێگەی بنیاتنانەوەی سوپاکەی شانبەشانی ئەمەریکا.''

ڕێبازی ناسراو بە دۆنرۆ ناوی یەکەمی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ڕێبازی مێژوویی مۆنرۆ تێکەڵ دەکات، هەروەها هەوڵ دەدات هەژموونی ئەمەریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوادا بسەپێنێتەوە و ئامادەیی زلهێزە ڕکابەرەکان سنووردار بکات. بەپێی ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانی ساڵی 2025 ی کۆشکی سپی، ئەم سیاسەتە ئەولەویەت دەدات بە ئاسایشی هەرێمی، بەرەنگاربوونەوەی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا.

مۆلینا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕێککەوتنەی لە کۆشکی میرافلۆرێس واژۆ کراوە '' فەڕمی دەکاتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە هاوکاریی زیاتر دەبێت.'' ئەو پێی وایە نزیکبوونەوە سەربازییەکە یارمەتیدەر دەبێت لە بە پڕۆفیشناڵکردن و دوورخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی ڤەنزوێلا لە سیاسەت، هەروەها گوتیشی ئامادەیی ئەمەریکا دەتوانێت وەک گەرەنتییەک بێت بۆ حکومەتە دیموکراتییەکانی داهاتوو.

لای خۆیەوە هێگسێس جەختی کردەوە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی '' کردنەوەی دەرگاکانی خۆشگوزەرانی، ئاشتی و سەقامگیریی ڤەنزوێلایە پێکەوە،'' و گوتی ڤەنزوێلایەکی ئارامتر بە واتای '' نیوەگۆیەکی ئارامتر و پارێزراوتر، و ئەمەریکایەکی ئارامتر و پارێزراوتر '' دێت.

ڕۆسیۆ سان میگێل، پارێزەر و پسپۆڕی کاروباری سەربازی کە سەرۆکایەتی گرووپی چاودێریی Control Ciudadano دەکات و لە سەردەمی حکومەتەکەی مادورۆدا نزیکەی دوو ساڵ زیندانی کرابوو پێش ئەوەی لە مانگی یەکدا ئازاد بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە لەبەر ئەوەی ئەمەریکا '' باڵادەستترین هێزی سەربازیی جیهانە ''، ڤەنزوێلا شتی زۆری هەیە لە ئەزموونەکەیەوە فێری ببێت، هەروەها ئاماژەی بەو ئۆپەراسیۆنە دا کە مادورۆی تێدا دەستگیر کرا وەک نموونەیەک.

ناوبراو گوتیشی '' ئەوەش ئەو شتەیە کە ئێمە بۆ هێزە چەکدارە نیشتمانییەکان دەمانەوێت: پڕۆفیشناڵبوون، ئامادەباشی ئۆپەراسیۆنی و ڕێبازێکی کارای ئۆپەراسیۆنی.'' سان میگێل ڕایگەیاند کە پێویستە ڕێککەوتنە سەربازییەکەی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ڤەنزوێلا پلانی تەواوکەری لەگەڵدا بێت بۆ گۆڕینی هێزە چەکدارە نیشتمانییەکان، گوتی '' پێموایە قۆناغی پێش و دوای ئەم ڕێککەوتنە دەبێت لە ڕووی ئەو دەرفەتانەی کە بۆ گۆڕینی هێزە چەکدارە نیشتمانییەکان دەیڕەخسێنێت.''

سان میگێل هەروەها گوتی کۆتاییهێنان بە '' تیرۆری ماددە هۆشبەرەکان '' پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە کە میکانیزمی دارایی و هاوکاریی نێوان وڵاتان لەخۆبگرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئابوورییە نایاساییەکان، هەروەها جەختی کردەوە '' دەبێت وا بکەین ئابووریی یاسایی لە ڤەنزوێلا قازانج بەخشتر بێت لە ئابووریی نایاسایی.''

گەشتەکەی هێگسێس: پتەوکردنی قەڵغانی کیشوەرەکانی ئەمەریکا؟

لە میانی گەشتەکەیدا بۆ ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر و هۆندوراس، بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا جەختی لە گرنگی هاوکاریی هەرێمی دژی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو کردەوە، کە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجەکانی '' قەڵغانی کیشوەرەکانی ئەمەریکا ''، هەروەها هاوپەیمانییە ئاسایشییەکانی لەگەڵ حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە دووپات کردەوە کە سەردانی کردن.

لە نێو ئەم چوار وڵاتەدا، ڤەنزوێلا تاکە وڵاتە کە بەشێک نییە لە '' قەڵغانی کیشوەرەکانی ئەمەریکا ''. ئەم دەستپێشخەرییە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی سێی ساڵی 2026 دا دەستی پێکرد بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی ئاسایشی دژی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراوی سنووربەزێن. ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بە زۆری ئەو حکومەتانەن کە سیاسەتەکانیان هاوپەیمانە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێستای ئەمەریکادا، هەریەک لە مەکسیک، بەڕازیل و کەنەدا بەشێک نین لێی.

نیکمەر ئیڤانزی پسپۆڕی سیاسی و زانای سیاسیی ڤەنزوێلایی و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی هەواڵیی Punto de Corte، کە لە سەردەمی حکومەتەکەی مادورۆدا دوو جار زیندانی کرابوو، گوتی سەردانەکەی هێگسێس هەنگاوێکی پێویست بوو لە ستراتیژیی ئەمەریکادا، هەروەها بە بۆچوونی ئەو هێگسێس '' هاتووە بۆ دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆی و کێشانی هێڵەکانی گۆڕەپانی یارییەکە لە ڤەنزوێلا.''

ئیڤانز پێی وایە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمەریکا بەکارهێنانی ڤەنزوێلایە وەک سەکۆیەک بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەس و ئەندامانەی ڕێکخراوەکان کە واشنتن بە هەڕەشەی تیرۆری ماددە هۆشبەرەکانیان دەزانێت و لە ڤەنزوێلا یان وڵاتانی دراوسێدا چالاکی دەکەن. ئەم شیکەرەوەیە گوتیشی '' بێگومان هەنگاوەکانی دواتری پیت هێگسێس بەرەو کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر و هۆندوراس بە ڕوونی ئاماژەن بۆ پتەوکردنی ئەم قەڵغانەی کیشوەرەکانی ئەمەریکا.''

سان میگێل ئاماژەی بەوە دا کە هێگسێس لە وتارەکەیدا لە ڤەنزوێلا ڕاستەوخۆ باسی لە چوونە پاڵی ڤەنزوێلا بۆ ناو قەڵغانی کیشوەرەکانی ئەمەریکا نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە ڕێککەوتنە سەربازییەکە چەندین توخمی تێدایە کە ئاماژە بەو ئاڕاستەیە دەکەن، و گوتی '' چەندین توخم و گۆڕاوی تێدایە کە وا دەردەکەون ئاماژە بن بۆ خواستی ئەمەریکا تا ڤەنزوێلا ببێتە بەشێک لە قەڵغانی کیشوەرەکانی ئەمەریکا. بەڵێ، پێموایە ئەمەریکا بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت.''