بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی نیشتمانی سایبەری ئەمەریکا بە وەکالەت، کیرستن دەیڤس، بەڵێنی دا بەرگرییەکانی ئاسایشی سایبەریی وڵات بەهێز بکات و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەمەریکا ژێرخانی دیجیتاڵیی خۆی نوێ بکاتەوە بۆ پاراستنی باڵادەستییە تەکنەلۆجییەکەی.
دەیڤس، کە وەک بەرپرسی باڵای زانیارییەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا کار دەکات، جێگەی شۆن کێرنکرۆس دەگرێتەوە، کە ڕۆیشتنی لە پۆستەکەی پشتڕاست کراوەتەوە.
دەیڤس درەنگانی شەوی پێنجشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ''دەرفەتمان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بۆ چەندین نەوەی داهاتوو باڵادەست بین بەسەر گۆڕەپانی سایبەریدا... بەڵام تەنیا ئەو کاتەی کە نوێکاری بکەین و خۆڕاگری ببەخشینە ئەو بنەمایانەی کە وڵاتە مەزنەکەمان لەسەری بەڕێوەدەچێت.''
دەیڤس سوپاسی سەرۆک دۆناڵد ترامپ و ڕاوێژکاری کۆشکی سپی ستیڤن میلەری کرد بۆ متمانەپێکردنیان لەم پۆستەدا.
ڕۆیشتنی کێرنکرۆس
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە کرد بۆ وەرگرتنی ڕوونکردنەوە سەبارەت بە هۆکاری ڕۆیشتنی کێرنکرۆس، دەستنیشانکردنی دەیڤس، هەروەها هەر پەیوەندییەکی ئەگەری ئەم ئاڵوگۆڕە بە پچڕانە تەکنەلۆجییەکانی ئەم دواییەوە. بەڵام هیچ وەڵامێکی دەستبەجێ نەبوو.
لە بەیاننامەیەکدا کە وەک داننانێک بە ڕۆیشتنەکەی لە شەوی پێنجشەممەدا دەردەکەوت، کێرنکرۆس گوتی کە خزمەتکردن لە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا ''شانازیی هەموو تەمەن''ـی بووە.
شۆن کێرنکرۆس
کێرنکرۆس، کە پێشتر بەرپرسێکی باڵای لیژنەی نیشتمانی کۆمارییەکان بوو، لە ساڵی ڕابردووەوە دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی سیناتەوە وەک بەڕێوەبەری نیشتمانی ئاسایشی سایبەری کاری دەکرد. نووسینگەکەی لە مانگی سێدا ستراتیژییەکی نیشتمانی ئاسایشی سایبەریی بڵاوکردەوە و یارمەتیدەر بوو لە هەماهەنگیکردنی سیاسەتە فیدڕاڵییەکان سەبارەت بە ژیریی دەستکرد و ئاسایشی سایبەری.
دەیڤس بە شێوەیەکی کاتی لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی سەرۆک ترامپ پاڵێوراوێکی هەمیشەیی دەستنیشان دەکات و ئەنجوومەنی سیناتی ئەمەریکا متمانەی پێدەبەخشێت.
پچڕانە تەکنەلۆجییە سەرتاسەرییەکان
ئەم گۆڕانکارییە لە سەرکردایەتیدا هەفتەیەک دوای تێکچوون و پچڕانی بەرفراوانی تەکنەلۆجی دێت، لە نێویاندا پچڕانی جیهانی خزمەتگوزاریی مایکرۆسۆفت ئاوتلوک، هەروەها ڕاگرتنی سەرتاسەریی گەشتە ئاسمانییەکان کە بووە هۆی پەکخستنی زیاتر لە 18 هەزار گەشتی فڕۆکەوانی.
هەروەها پچڕانەکە هێڵی ئاسمانیی یونایتد ئێیەرلاین و بانکە گەورەکانی وەک جەی پی مۆرگەن و چەیسیشی گرتەوە.
ڕۆژی سێشەممەش، خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای ئەپڵ و تۆڕی ناوخۆیی نهێنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕووبەڕووی پچڕان بوونەوە.
هاوکات بەرپرسانی فیدڕاڵی بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە شکستە تەکنیکییەکان و هەڵسەنگاندنی خۆڕاگریی ژێرخانی هەستیاری ئەمەریکا.
بەرپرسان تێکچوونی کەرتی فڕۆکەوانییان بەستووەتەوە بە ئامێرێکی ڕاوتەری نوێی دانراو لە دامەزراوەیەک لە ویلایەتی ئارکانساس، هەرچەندە لێکۆڵەران هێشتا سەرقاڵی پشکنینی هۆکارە تەکنیکییە بنەڕەتییەکەن.
پێشتر لەم هەفتەیەدا، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، لە نێویاندا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، بوونی هێرشێکی سایبەریی هاوئاهەنگیان لە پشت زنجیرە پچڕانە تەکنەلۆجییەکانی هەفتەی ڕابردوو بە دوور زانی و ڕایانگەیاند هیچ بەڵگەیەک نییە ئەو ڕووداوانە بە لایەنێکی دوژمنکار یان حکومەتێکی بیانییەوە ببەستێتەوە.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریکاش ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە پچڕانەکان ڕووداوی جیاواز بوون و پەیوەندییان بە چاکسازی و گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانەوە هەبووە و هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر هێرشێکی سایبەریی ڕێکخراو یان پاڵپشتیکراو لەلایەن دەوڵەتێکەوە.
جۆش هاولی، سیناتۆری کۆمارییەکانی ویلایەتی میزۆری، ڕۆژی سێشەممە داوای لە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکە کرد کە زانیاری بدەنە یاسادانەران سەبارەت بە ڕووداوەکان تا بتوانن ''بۆ گەلی ئەمەریکای ڕوون بکەنەوە کە چی ڕوودەدات.''