وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ستایشی پەسەندکردنی ڕێککەوتنی گرینلاند لەلایەن پەرلەمانی دانیمارکەوە دەکات

لە دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکەی گرینلاند لە پەرلەمانی دانیمارک، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەوە ''هەموومان لە پێگەیەکی سەلامەتتر، بەهێزتر و پارێزراوتردا دەبین.''

پەرلەمانی دانیمارک ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە گرینلاند پەسەند کرد. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دانیمارک و گرینلاند لە مانگی ئەیلوولدا ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی مانگی یازدە، ڕوبیۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ''پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە کە ئەمڕۆ لەلایەن پەرلەمانی دانیمارکەوە ئەنجام درا، وامان لێدەکات سەلامەتتر، بەهێزتر و پارێزراوتر بین.''

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا ''ئەم ڕێککەوتنە هاوکاریی بەرگریی نێوان ئەمەریکا، دانیمارک و گرینلاند نوێ دەکاتەوە و ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ بەهێز دەکات.''

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ مانگی نۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ڕێککەوتنێکی ئاسایشی سێ قۆڵی واژۆ کرد کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ فراوانکردنی ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا لە گرینلاند و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکانی جەمسەری باکوور و باکووری ئەتڵەسی.

بەپێی ڕێککەوتنەکە ئەمەریکا دەتوانێت ئامادەیی سەربازیی خۆی لە گرینلاند زیاد بکات و دەستی بە دامەزراوەی زیاتر بگات. هەروەها ڕێککەوتنەکە میکانیزمێک دادەنێت بۆ ڕێگریکردن لە وەبەرهێنانی هەستیار و ئامادەیی سەربازیی وڵاتانی ڕکابەر، لە نێویاندا ڕووسیا و چین، لەو دوورگە ستراتیژییەدا.

ڕێککەوتنەکە هیچ وادەیەکی بەسەرچوونیشی نییە.