وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسێس ڕۆژی چوارشەممە، کەمێک دوای گەیشتنی بۆ کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا، لەگەڵ سەرۆکی کاتیی ئەو وڵاتە، دێڵسی ڕۆدریگێز، کۆبووەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری جەنگە بۆ ئەو وڵاتە لە دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا، نیکۆلاس مادورۆ، لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە سەرەتای ئەمساڵدا.
دوای کۆبوونەوەکە، ڕۆدریگێز واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی سەربازیی ڕاگەیاند کە هاوکاری نێوان ئەمەریکا و ڤەنزوێلا دەستپێدەکاتەوە. ڕۆدریگێز لە وتارێکدا لە کاتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی گوتی، ''ساتە زۆر سەخت و دژوارەکانی گەلەکانمان گۆڕیوە بۆ دەرفەتێکی ناوازە بۆ هاوکاریی و بەرژەوەندی هاوبەش بۆ هەردوو وڵاتەکەمان.''
ئەم ڕێککەوتنە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڤەنزوێلا دوای زیاتر لە دوو دەیە زیندوو دەکاتەوە. لە مانگی چواری ساڵی 2005ـدا سەرۆکی ئەو کاتەی ڤەنزوێلا هیوگۆ چاڤێز پڕۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی سەربازیی 35 ساڵەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕاگرت و ڕاهێنەرە سەربازییەکانی ئەمەریکای دەرکرد.
هێگسێس ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ''چاوی لەو دەرفەتانەیە، نەک هەر لە ڕووی سەربازییەوە کە تێیدا پێکەوە دژی تیرۆری ماددە هۆشبەرەکان و گرووپە تاوانکارییەکان کار بکەین، بەڵکو لە ڕووی ئابووریشەوە و بۆ سوودوەرگرتن لەو سەرچاوە و توانا بێشوومارانەی کە وڵاتەکەتان هەیەتی.''
گەشتەکەی هێگسێس دوای سەردانەکەی مانگی دووی جەنەڕاڵ فرانسیس دۆنۆڤانی فەرماندەی باشووری ئەمەریکا دێت بۆ کاراکاس، کە تێیدا لەگەڵ ڕۆدریگێز و ئەندامانی کابینەکەی کۆبووەوە.
هێگسێس ڕێککەوتنەکەی بە "مێژوویی'' ناوبرد و گوتی هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر کارکردن بۆ هاوکاری دژی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ، تیرۆر و کۆچ، کە مەشق و ڕاهێنان لە نێوان هەردوو سوپاکە، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و فراوانکردنی کەرەستە و توانا بەرگرییەکانیش دەگرێتەوە.
سەرۆک ترامپ بە ئاشکرا ستایشی هێگسێسی کردووە بۆ گێڕانی ڕۆڵی سەرەکی لەو هەڵمەتە سەربازییەی ڕۆژی 3ـی مانگی یەکدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادورۆ.
لە ئێستادا مادورۆ لە نیویۆرکە و چاوەڕێی دادگاییکردنی دەکات بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک.