ژنێک لە ئەمەریکا بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر تەنیایی 17 ویلایەت بە پێ دەبڕێت

ژنێک لە باشووری ئەمەریکا، بۆ زیادکردنی هۆشیاریی گشتی دەربارەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی تەنیایی لە کۆمەڵگەدا، لە کالیفۆرنیاوە بەرەو نیویۆرک گەشتێکی سەدان کیلۆمەتری بە پێ ئەنجام دا.

لوسی ڕۆز یاریدەدەری پزیشکە، کە زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر لە شاری سانتامۆنیکاوە دەستیکرد بە ڕۆشتن بۆ بڕینی 17 ویلایەت بەپێ، تاوەکو لە12ـی ئەم مانگە لە ڕۆژی جیهانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا گەیشتە دوا خاڵی گەشتەکەی کە شاری نیویۆرک بوو.

بەڵام ئەوەی ئەم گەشتە لە ڕێپێوانێکی ئاسایی جیا دەکاتەوە ژمارەی هەنگاوەکان نییە، بەڵکو ئەو کەسانەن کە لەسەر ڕێگا بینینی و گوێ لە چیرۆکەکانیان گرت.

ئەم گەشتە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی پەتایەکی کوشندەی کۆمەڵگایە کە تەنیاییە. بەپێی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و بەرگری لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا، تەنیایی و دابڕان لە کۆمەڵگا کاریگەریی سەختیان لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی هەیە.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2023، کۆمەڵەی پزیشکی گشتیی ئەمەریکا ڕاسپاردەیەکی ورد و دوور و درێژی بڵاوکردەوە، تیایدا تەنیایی و دابڕانی کۆمەڵایەتی بە "پەتا" ناوزەند کرد.

شارەزایان دەڵێن لاوازی یان نەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت مەترسیی مردنی پێش وەختە هێندە زیاد بکات کە دەکرێت لەگەڵ کێشانی 15جگەرە لە ڕۆژێکدا بەراورد بکرێت، و لەوانەیە لە قەڵەوی و کەمجووڵەییش مەترسی زیاتر بێت.

ڕاپرسییەکانیش وێنەیەکی ترسناکتر دەخەنە ڕوو، کە تیایدا ڕێژەی نزیکەی ٪ 42ـی پیاوان و 37٪ـی ژنان دان بەوەدا دەنێن کە هەست بە تەنیایی دەکەن. واتە تەنیایی کێشەیەک نیە کە هەندێک بەدەستیەوە گیرۆدەبن بەڵکو بووەتە پەتایەک کە نزیکە لە هەموو ماڵێک و لە هەموو تاکێک.

لوسی ڕۆز ژنێکی تەمەن 72 ساڵە کە بەپێ تەواوی وڵات دەبڕێت تاوەکو ڕووبەڕووی پەتا بێدەنگەکەی تەنیایی ببێتەوە. بەم کارەی دەیەوێت بیسەلمێنێت کە پەیوەندیی ڕاستەقینەی مرۆیی بەهێزترین دەرمانە بۆ بەدیهێنانی تەندروستی و ئارامیی دەروونی.

لوسی لە وێستگەی فیلادێلفیا بە کەناڵی هەواڵی سی بی ئێسی ڕاگەیاند، "تەنیایی بەوە نییە کە چەند کەست لەدەورە، بەڵکو ئەو تەنیاییە درێژخایەنەی کە لە ناخدا هەستی پێدەکەیت و وا دەکات هەست بکەیت سەر بە هیچ شوێنێک نیت."

لە کۆتایی گەشتەکەیدا لە 12ـی یازدە، لوسی داوا لە هەموو هاووڵاتیان دەکات لە ڕۆژی نیشتمانیی پەیوەندیکردندا، بە لایەنی کەمەوە 12 خولەک لەگەڵ کەسێکدا بەسەربەرن کە خۆشیاندەوێت، تاوەکو بە هەنگاوی بچووک هەنگاو بە هەنگاو دیواری تەنیایی بڕووخێنن.