کەسێک بە تۆمەتی ناردنی 70 هەزار دۆلار بۆ داعش لە ئەمەریکا سزادرا

دادگایەکی فیدراڵی لە بڕۆکلینی نیویۆرک، ڕۆژی سێشەممە مەنسووری مانۆچێهری، کە بە ناوی مانێچێهریش دەناسرێت، لەسەر چوار تۆمەت تاوانبار کرد.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە ناوبراو تۆمەتبارە بە پلانی هاوکاریی دارایی بۆ داعش و داعشی خوراسان، خاوەندارێتی و پلانی دەستخستنی چەک و تەقەمەنی لە کاتێکدا بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمەریکا بووە، هەروەها پێدانی زانیاری درۆ بە کارمەندانی فیدڕاڵی ئەمەریکا.

لە 30ـی مانگی دەی ساڵی 2026 دا، مانۆچێهری لەسەر تاوانی پێنجەمی ساختەکاریی کۆچبەریی سەبارەت بە هاوسەرگیرییەکی درۆ لە نێوان خۆی و هاووڵاتییەکی ئەمەریکاییدا، تاوانەکەی قبووڵ کرد.

جۆسێف نۆچێلا جۆنیۆرو دادوەری گشتی ئەمەریکا بۆ هەرێمی ڕۆژئاوای نیویۆرک ڕایگەیاند، ''تاوانبار پارەی بۆ داعش ناردووە، کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی خوێنڕێژە، هەروەها لە هەمان کاتدا بە چەکی هێرشبەر ڕاهێنانی وەرگرتووە و بە هاوڕێکانی گوتووە 'من ئامادەم.'"

لە مانگی شەشی ساڵی 2016ـدا، مانۆچێهری لە تاجکستانەوە بە ڤیزای گەشتیاری هاتووەتە ئەمەریکا و دوای ئەوەی ڤیزاکەی لە مانگی دوانزەی ساڵی 2016ـدا بەسەرچووە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتدا ماوەتەوە.

لەو ماوەیەدا کە لە ئەمەریکا بووە، مانۆچێهری ڤیدیۆی پروپاگەندەی جیهادیی کردووە و پشتگیریی خۆی بۆ داعش نیشان داوە. ناوبراو پێشوازی لە هێرشەکانی پێشووی داعش لە ئەمەریکا کردووە، یەکێکیان بریتییە لە هێرشەکەی بارهەڵگرێک لە مانگی دەی ساڵی 2017ـدا لە نیویۆرک کە تێیدا هەشت کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021ـەوە تاوەکو مانگی شەشی ساڵی 2023 ، لە کاتێکدا لە بڕۆکـلینی نیویۆرک دەژیا، مانۆچێهری ئاسانکاری کردبوو بۆ پرۆسەی بەڕێکردنی نزیکەی 70 هەزار دۆلاری بۆ کەسانی هاوکار لەگەڵ داعش لە تورکیا و سوریا. لە نێوان ئەو کەسانەدا کەسێک هەبوو کە دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە گومانی تێوەگلان لە هێرشی تیرۆریستیی مانگی یەکی ساڵی 2024 بۆ سەر کڵێسایەک لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا، کە داعشی خوراسان بە ئاشکرا بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ گرتبوو.

هاوکات لەگەڵ ناردنی پارەکاندا، مانۆچێهری چەکی بەکارهێناوە و چەندین جار سەردانی مەیدانەکانی ڕاهێنانی چەکی کردووە، سەرەڕای ئەوەی وەکو کەسێک کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمەریکا بووە، ئەم کارەی بۆ قەدەغە بووە.

لە مانگی دووی ساڵی 2022ـدا ناوبراو ڤیدیۆیەکی خۆی تۆمار کردووە کاتێک لە مەیدانێکی تەقەکردن لە ویلایەتی نیوجێرزی بە چەکی هێرشبەر تەقەی دەکرد و ئەو ڤیدیۆیەی بۆ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی داعش لە تورکیا نارد و پەیامی ''سوپاس بۆ خودا، من ئامادەم، برای من ''ـی لەگەڵدا نووسیوە.

دادوەرێک لە دانیشتنێکی داهاتووی دادگادا سزای کۆتایی ناوبراو دیاریدەکات. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، کاتێک سزای هەموو پێنج تاوانەکە بەسەریدا دەسەپێنرێت، ناوبراو ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبێتەوە کە ڕەنگە تا 55 ساڵ بخایەنێت.