فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ژمارەیەک لە سەربازانی ئەمەریکا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریندار بوون و پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەبووە.
سێنتکۆم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو بانگەشانەی بە "ناڕاست" وەسف کرد و ڕایگەیاند، هیچ کەسێک لە کارمەندانی ئەمەریکا لە هەوڵەکانی هێرشی ئێران لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بریندار نەبووە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "هیچ کەسێک لە کارمەندانی ئەمەریکا لە هیچکام لە هەوڵەکانی هێرشی ئێران لەم هەفتەیەدا بریندار نەبووە و هەموو سەربازەکانی ئەمەریکا سەلامەتن و شوێنی هەموویان دیارە."
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا هەروەها تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستی خستە پاڵ هەژمارەکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئێران.
سێنتکۆم ڕایگەیاند، "ئەو هەژمارانەی پەیوەستن بە سوپای پاسدارانەوە بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، کە ئەمەش لە ئەنجامی بێچارەیی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت."
ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوامن و بانگەشەی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئەنجام و زیانەکانی هێرشەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە.
سێنتکۆم بەرپرسیارە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەیەکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە کەنداو، عێراق و سوریا، لە ئێستاداش سەرپەرشتی گەمارۆیی دەریایی سەر کەناراوەکانی ئێران لە نزیک کەنداو دەکات.