هۆشداریی ئێف بی ئای بۆ سەرانسەری جیهان: هاککەران سۆفتوێری ئارتێکس بۆ دزەکردنە ناو کۆمپانیاکان بەکاردەهێنن

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا (ئێف بی ئای) هۆشدارییەکی جیهانیی لە بارەی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هاککەرەکانی "سەر بە دەوڵەتەکان" و تاوانبارانی ئەلیکترۆنی هەوڵی هاککردنی کۆمپانیاکان لە سەرانسەری جیهاندا دەدەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە هاککردنی چەندین ماڵپەڕ دەکەن.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە ڕێنماییەکدا ئاشکرای کرد سۆفتوێری ئارتێکس (ARTEX)، کە چوارچێوەیەکی تاقیکردنەوەی دزەکردنی ئەلیکترۆنییە و بە ژیری باڵا کار دەکات، لە لایەن هاککەرەکانەوە دەقۆزرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکار (ئۆتۆماتیکیکراو) بۆ سەر کۆمپانیا و دامەزراوەکانی جیهان.

دەزگاکە لە هۆشدارییەکەدا گوتی، ''سۆفتوێری ئارتێکس بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو کاتە کەم دەکاتەوە کە پێویستە بۆ پێکەوەگرێدانی تەکنیکەکانی هێرشکردن، بە شێوەیەک کە هەندێک لە دزەکردنەکان لە قۆناغی دەستنیشانکردنی ئامانجەوە تا گەیشتن بە دەسەڵاتی باڵای ناو سیستمەکان لە ماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێردا ئەنجام دەدرێن.''

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئاماژەشی بەوە داوە کە هەمان سەکۆ لە مانگی 10ـدا بۆ هاککردنی کۆمپانیای سۆفتوێری ئەمەریکایی کۆنێکت-وایس کڵاود باکئەپ پشتی پێبەستراوە، کە گرووپێکی هاککەری سەر بە دەوڵەتی چین بەو هێرشەوە گرێدرابوو.

ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای چاودێری ئاسایشی وێب (Report URI) ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ماڵپەڕی نزیکەی 178 دامەزراوە توشی کۆدی زیانبەخشی جاڤاسکریپت بوون. کۆمپانیاکە ناوی ژمارەیەک لە بەناوبانگترین ماڵپەڕەکانی هێناوە، لەوانە زووم، بی بی سی، سی ئێن ئێن، سەیڵزفۆرس، گیتلاب، ئایکیا، ئێج ئێس بی سی، ئێر فرانس- کەی ئێڵ ئێم، لێجەر، پیکاک، کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی باشترکردنی ماڵپەڕی ئۆپتیمایزڵییەوە کراونەتە ئامانج.

کۆمپانیای Report URI ڕایگەیاندووە کە هێرشبەرەکان مەبەستییان دزینی زانیاریی دارایی بووە و ئاماژەی بەوەش داوە کە لەو کاتەوە زۆربەی کۆدە زیانبەخشەکان لە ماڵپەڕە زیانلێکەوتووەکان سڕاونەتەوە.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی دەڵێت لە مانگی هەشتەوە هێرشبەرە ئەلیکترۆنییەکان سۆفتوێری ئارتێکسیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی جیهانیی بەکارهێناوە و کەرتەکانی خزمەتگوزارییە داراییەکان، حکومەت، تەکنەلۆجیا، بەرگری، نیمچەگەیەنەرەکان، وزە، تەندروستی، پیشەسازی، پەیوەندییەکان و بواری یاساییان کردووەتە ئامانج.

دەزگاکە تیشکی خستووەتە سەر ڕووداوە سەرەکییەکان کە بریتی بوون لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە داراییەکانی کۆریای باشوور، کە بووە هۆی ئاشکرابوونی زانیاریی کەسیی 67 هەزار کەس، هەروەها هێرشەکەی مانگی 10 بۆ سەر کۆمپانیای کۆنێکتوایس کڵاود باکئەپ کە ڕێگەی بە هاککەرەکان دا دەستییان بگاتە هەژماری زیاتر لە دوو هەزار و 250 کڕیار.

سەکۆی بازاڕکردن لە ڕێگەی ژیری دەستکرد، ئۆپتیمایزڵی، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هۆکاری کێشەکەیان دەستنیشان کردووە و ''چارەسەر کراون.'' هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە خزمەتگوزارییەکان درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لە ناوچەی ئەمەریکا دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی داوای لە کۆمپانیاکان کردووە کۆنتڕۆڵەکانی دەستڕاگەیشتنی ئاسیشی پێگەکان بەهێزتر بکەن، چاودێری چالاکییە خۆکارە گوماناوییەکان بکەن و هەر دزەکردنێکی ئەگەریش بە ناوەندی سکاڵای تاوانەکانی ئینتەرنێتی سەر بە دەزگاکە ڕابگەیەنن.