ئەمەریکا و مەکسیک و بۆلیڤیا پێگەکانیان لە بنبڕکردنی سورێژە لەدەست دەدەن

تابلۆیەکی ئاگادارکردنەوە لەبارەی نەخۆشیی سورێژە لە دەرەوەی دەروازەی چوونەژوورەوەی ناوەندێکی پزیشکیی منداڵان لە نیویۆرک.

ڕێکخراوی تەندروستی پان ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا، مەکسیک و بۆلیڤیا پێگەی خۆیان لە بنبڕکردنی سورێژە لەدەست داوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بە شێوەیەکی بەردەوام لە هەریەک لەو وڵاتانەدا بڵاوبووەتەوە.

ڕێکخراوەکە داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسین بەرز بکەنەوە و سەرنج بخەنە سەر هەوڵەکانی دەستنیشانکردن و کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بەو پێیەی ڕێکارانەی پێشتر سەرکەوتوو نەبوون لە ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی سورێژە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی پان ئەمەریکا، دکتۆر جارباس باربۆسا، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، "لەدەستدانی پێگەی بنبڕکردنی نەخۆشیی سورێژە، زۆر زیاترە لە تەنها لەدەستدانی پێگەیەکی تەندروستیی گشتی. ئەمە بەو مانایەیە کە ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە بڵاو بووەتەوە و خێزانەکان و کۆمەڵگەکان دەخاتە بەردەم مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی، نەخۆشخانەکەوتن و مردنەوە؛ ئەو مەترسییانەی کە دەتوانرێت پێشیان پێ بگیرێت."

ڕێکخراوەکە ئاشکراشی کردووە کە ئەمساڵ زیاتر لە 58 هەزار حاڵەتی پشتڕاستکراوەی سورێژە لە کیشوەرەکانی ئەمەریکادا تۆمارکراوە، بە بەراورد بە 12 هەزار و 800 حاڵەت لە ساڵی ڕابردوودا، کە نزیکەی پینج هەزار و 400 حاڵەتیان لە ئەمەریکا بوون.

ڕێکخراوی تەندروتسی پان ئەمەریکا، کە لقێکی هەرێمیی ڕێکخراویی تەندروستی جیهانییە بۆ کیشوەرەکانی ئەمەریکا، بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا وڵاتانی ناوچەکە توانیویانە سورێژە بنبڕ بکەن یان نا.

ئەمەریکا لە مانگی یەکدا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کشایەوە، بەڵام هێشتا ئەندامی ڕێکخراوی پان ئەمەریکایە و لە ڕووی مێژووییەوە گەورەترین دابینکەری دارایی ئەو ڕێکخراوە بووە. داواکاری بودجەی ساڵی 2027ـی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا پێشنیازی بڕینی ئەو پارەیەی کردووە بۆ ڕێکخراوەکە، هەرچەندە بڕیاری کۆتایی لای کۆنگرێسە.

ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ناوەندەکە و دەزگا تەندروستییە فیدڕاڵییەکانی دیکە ''پابەندن بە ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی سورێژە، پاراستنی ئەمەریکاییەکان و بە دەستهێنانەوەی پێگەی بنبڕکردنی سورێژە.''

ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هانی بەکارهێنانی ڤاکسینی تێکەڵەی سورێژە، ملەخڕێ و سورێژەی ئەڵمانی دەدات و لەگەڵ کۆمەڵگە ناوخۆییەکان کاردەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی مەترسی زیاتری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیان لەسەرە.

بەڕێوبەری ناوەندەکە، دکتۆر ئێریکا شوارتز، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، ''ئێمە دەزانین گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە کوێ ڕوودەدات. هەروەها بڕی 100 ملیۆن دۆلارمان لە بەڕێوبەرایەتییە تەندروستییەکانی ویلایەتەکان و ناوچەکاندا خەرج کردووە بۆ گەیشتن بەو کۆمەڵگانە. لەدەستدانی پێگەیەک بە واتای ئەوە نایات کە دەستبەرداری ڕێبازی پشتبەستوو بە بەڵگە ببین، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە بەردەوام دەبین لە سەرنجخستنە سەر ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.''

ناوەندەکە ئاشکرای کردووە کە دابەزینێکی بەرچاوی لە وەرگرتنی ڤاکسینی منداڵان تۆمار کردووە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا ڕوویداوە، بە شێوەیەک کە ئاستی وەرگرتنی ڤاکسینی سورێژەی ئەڵمانی لە نێو قوتابیانی باخچەی ساوایاندا بە ڕێژەی 95.2٪ بۆ 92.7٪ دابەزیوە.

بەرپرسانی تەندروستی مەکسیکیش ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە سەرنجییان لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسینە، شانبەشانی هەوڵە هەماهەنگەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. بریکاری وەزیری سیاسەتەکانی تەندروستی دانیشتوان و خۆشگوزەرانی، ڕیکاردۆ ڤاڵدێز ڤازکێز، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند کە ڤاکسینی سورێژە ''باشترین پارێزەری ئێمەیە" و وڵاتەکە گەورەترین هەڵمەتی کوتان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئەنجام دەدات.

ناوبراو ئاماژەشی بەوە دا کە مەکسیک لە مانگی دوودا هەڵکشانێکی بەرچاوی لە حاڵەتەکاندا بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەو کاتەوە ئاستی توشبوون لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بە ڕێژەی 90٪ دابەزیوە.