وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بەهۆی ''چاودێرییەکی توند''ـی ئەمەریکاوە، ڤەنزوێلا توانیویەتی داهاتی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاوەدانکردنەوە بەکاربهێنێت، ئەوەش لەو کاتەوەی واشنتن لە مانگی یەکی ساڵی 2026ـدا هەژمارێکی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارانە دامەزراند.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، ''ئەو پارانە موڵکی حکومەتی ڤەنزوێلان و بە ناوی ئەوەوە هەڵگیراون.'' وتەبێژەکە کە ناوی نەهێنراوە، ئاماژەی بەوەشدا کە هەژمارەکە ''پشتگیر بووە لە بەکارهێنانی داهاتی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەی ڤەنزوێلا بۆ خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکان، سەقامگیریی ئابووریی گشتی و بنیادنانەوەی کەرتە گرنگەکانی وەک وزە، تەندروستی و ژێرخان.''
وتەبێژەکە جەختی کردەوە لەوەی ''ئێمە ئاگاداری هیچ جۆرە خەرجکردنێک نین بۆ لایەنە قەدەغەکراوەکان یان بۆ مەبەستی قەدەغەکراو.''
هەژماری پاراستن و چاودێری چۆن کار دەکات؟
وتەبێژەکە پڕۆسەی چۆنیەتی خەرجکردنی پارەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە ڕوونکردەوە و گوتی، ''حکومەتی کاتی ڤەنزوێلا داوای پارەکان دەکات بۆ بەکارهێنانی دیاریکراو. وەزارەتی دەرەوە داواکارییەکان پەسەند دەکات بە پشتبەستن بە لیستێکی پۆڵێنکراوی خەرجییە ڕێگەپێدراو و قەدەغەکراوەکان لە نێوان ئەمەریکا و ڤەنزوێلا، پاشان وەزارەتی گەنجینە پارەکە دەدات.''
واشنتن لە ڕێگەی میکانیزمێکی داراییەوە داهاتەکان بەڕێوەدەبات کە دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ لە مانگی یەکی ساڵی 2026ـدا دروستکراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی کاتی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتی دێلسی ڕۆدریگێز. سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە 9ـی مانگی یەکدا فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ کرد بە ئەوەی ئەو پارانەی لە هەژمارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا هەڵگیراون، پارێزراوبن لە دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن قەرزدەرەکانەوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، پارەی فرۆشتنی نەوت و سەرچاوەکانی دیکەی ڤەنزوێلا دەچێتە ناو ''هەژماری پاراستنی ڤەنزوێلا'' کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرێت. بانکی ناوەندی ڤەنزوێلا بە ناوی حکومەتی کاتییەوە داوای پارەکە دەکات و بەرپرسانی ئەمەریکاش بڕیار دەدەن کە ئایا پارەکە بدرێت یاخود نا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا، کە ڕۆژی 12ـی مانگی یازدە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند ئامانج لەم میکانیزمە بەرەوپێشبردنی شەفافییەت، لێپرسینەوە و بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانەی داهاتی سەرچاوە سروشتییەکانی ڤەنزوێلایە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کە لەلایەن کۆمپانیای ژمێریاریی KPMGـەوە ئامادە کراوە، لە نێوان 3ـی مانگی یەک و 30ـی مانگی نۆی ساڵی 2026ـدا زیاتر لە 12.26 ملیار دۆلار خراوەتە ناو هەژمارەکەوە و 12.11 ملیاری لێ خەرج کراوە. تا ڕۆژی 30ـی مانگی نۆ، 168.56 ملیار دۆلار لەژێر چاودێری ئەمەریکادا ماوەتەوە، کە چاوەڕێی گواستنەوەکانی داهاتوو دەکات کە بانکی ناوەندیی ڤەنزوێلا بە ناوی حکومەتی کاتییەوە داوای دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە زۆربەی پارەکە لە ڕێگەی مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانییەوە کە لەلایەن بانکە بازرگانییەکانی وڵاتەکەوە ئەنجام دەدرێن، خراوەتە ناو ئابووریی ڤەنزوێلاوە. بە شێوەیەکی جیاوازیش، نزیکەی 133 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی ڕاستەوخۆ بە دابینکەرانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ پێداویستییە کارپێکردن و کارگێڕییەکانی حکومەتی کاتی تەرخان کراوە.
دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، ڕۆژی 12ـی مانگی یازدە لە پۆستەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و تێلیگرام ڕایگەیاند کە ''99 دۆلار لە هەر 100 دۆلارێک'' لە داهاتی نەوت و کانزاکان بۆ مووچە و خانەنشینی کەرتی گشتی ڕۆیشتووە. ئەم ژمارەیە ئاماژەیە بۆ خەرجییەکانی حکومەت نەک کۆی داهات. ڕۆدریگێز ڕایگەیاندووە کە لە مانگی یەکەوە تا مانگی یازدە، 15.6 ملیار دۆلار داهات و 14.86 ملیار دۆلار خەرجییان هەبووە، کە 14.71 ملیار دۆلاری بۆ مووچە و خانەنشینی بووە.
ئابووریناسان دەڵێن ئەو دۆلارانەی لە ڕێگەی بانکە بازرگانییەکانەوە فرۆشراون، فشاری سەر بازاڕی دراوی ڤەنزوێلایان کەم کردووەتەوە. بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاریی ئیکۆئانالیتیکا، کە بنکەکەی لە کاراکاسە و ماوەی دوو دەیەیە چاودێریی ئابووریی ڤەنزوێلا دەکات، خستنەڕووی دراوی بیانی بەراورد بە ساڵی 2025 سێ هێندە زیادی کردووە.
ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندی دەریدەخەن کە بۆلیڤار، دراوی نیشتمانیی ڤەنزوێلا، تا ئێستای ئەمساڵ نزیکەی دوو لەسەر سێی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەست داوە. بە گوتەی ئابووریناس لویس ڤیسێنتی لیۆنی سەرۆکی کۆمپانیای ڕاپرسیی داتائانالەسیس، جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی هاوتەریب بۆ نزیکەی 14$ کەم بووەتەوە.
قۆناغی داهاتوو: دادگای باڵای نوێ
قۆناغی داهاتووی پڕۆسەکە لە ئێستاوە دەستی پێکردووە، ئەویش نوێکردنەوەی دادگای باڵای دادوەریی ڤەنزوێلایە. ڕەنگە تا ناوەڕاستی مانگی دوازدە دادوەرە نوێیەکان دەستبەکاربن. هەروەها ماوەیەکی کورت دوای ئەویش ئەنجومەنێکی نوێی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنەکان پێکبهێنرێت. لە کاراکاس، ئەو لیژنەیەی پشکنین بۆ کاندیدەکانی دادوەری دەکات، وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی تا 18ـی مانگی یازدە درێژ کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی 9ـی مانگی یازدە لە پاریس، لە میانەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت و لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکانی پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە ڤەنزوێلا و ڕایگەیاند کە واشنتن چاوەڕێی ئەوە دەکات وادە سەرەکییەکان جێبەجێ بکرێن.
ڕوبیۆ گوتی، ''تەنها دەبێت بەردەوام بەدواداچوونی بۆ بکەین و دڵنیا بینەوە لەوەی دەتوانین بگەینە ئەم وادانە، بۆیە پێم وایە پێشکەوتنی باش بەدەست دەهێنین.''