ترامپ لەگەڵ ئەندامانی گفتوگۆی ئاساییشی چوارلایەنە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی ژیری باڵا چڕ دەکاتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە لە فلیپین لەگەڵ سەرکردەکانی هیندستان، ژاپۆن و ئوسترالیا، کە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکان لە ناوچەکەدا، کۆبووەوە و جەختی لە گرنگیی هاوکاری لە بواری ژیری باڵا کردەوە.

ئەمەریکا لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە گرووپی گفتوگۆی ئاساییشی چوارلایەنە (کواد)ـی پێکهێناوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، ئەندامانی چوارلایەنە ڕایانگەیاندووە، "کار دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی زنجیرە گرنگەکانی دابینکردن، پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و فڕین بەسەر ناوچەکاندا، هاندانی گەشەی ئابووری لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاکانی داهاتووەوە، لەوانە وەبەرهێنان لە ژیری باڵای جێی متمانە و بەکارهێنانی، هەروەها وەڵامدانەوەی کارەساتەکان لە ڕێگەی پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی ڕزگارکەری ژیانەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ئەنتۆنی ئەلبانیز ، سەرۆکوەزیرانی هیندستان نارێندرا مودی و سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن تاکایچی سانای گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی، ''ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان هەیە و لە نزیکەوە هەماهەنگیمان هەیە لەسەر بابەتەکانی ئاسایشی ناوچەکە، ئاسایشی ئابووری، و دیپلۆماسی.''

لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە لە ئاسایشی ڕێڕەوەکانی زەریای هیندی و هێمن دووپات کردەوە و گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە پلانی ئەنجامدانی کۆڕبەندێک بۆ بازرگانان لە سەرەتای ساڵی ئاییندەدا بۆ ئەوەی سەرکردە بازرگانی و بەرپرسە حکومییەکان و شارەزایان کۆبکەنەوە و پەیوەندی نێوانیان پتەوتر بکەن.

هەروەها، جارێکی دیکە پاڵپشتیی خۆیان بۆ پێشخستنی ژیری باڵا دووپات کردەوە و بڕیاری پێشخستن و پەرەپێدانی کێیبڵەکانی ژێر دەریایان دا، بە تایبەت بە هاتنەناوەوەی ئوسترالیا بۆ ناو سیستەمەکە.

هەروەها مەترسییە ئاساییشییەکانی سەرهێڵ گفتوگۆ کران و بڕیار درا کە هەماهەنگیی زیاتر لەو بارەیەوە بکرێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هێرشە سایبەرییەکان.

لە کۆتاییشدا کاری پێکەوەییان لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپات کردەوە.

شایەنی باسە، ژیری باڵا لە لایەن سێ ئەندامەکەی دیکەی گفتوگۆی ئاساییشی چوارلایەنە وەکوو ژیری دەستکرد دەناسرێت.