سکۆت بەسەنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ڕەخنەی توندی لە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی گرت ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی سیاسەتی گوشاری ئابووریی حکومەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرد و ڕایگەیاند زۆرێک لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە پەناگە ژێرزەوییەکاندا خۆیان حەشار داوە و ئاگاداری خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیان نین.
.
بەسەنت ڕۆژی یەکشەممە، لە بەرنامەی سەندەی مۆرنینگ فیوچەرسی تۆڕی فۆکس نیوز بەشداری کرد و لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند "زۆرێک لە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی وەک مشکی ناو بۆرییەکانی ئاوەڕۆ وان. ئەوان لە پەناگە ژێرزەوییەکاندا دەژین و نابینن دۆخەکە لەسەر زەوی چەندە خراپە."
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، بە ئاماژەدان بەو سنووردارییانەی سیاسەتی گوشاری ئابووریی حکومەتی ترامپ بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دروستی کردووە، گوتی "ئەگەر سەرکردەکانی ڕژێمی ئێران وڵاتەکەیان خۆش دەوێت، زۆر باشە! ئێستا هەر لەوێ گیر خواردوون و چیتر ناتوانن بە فڕۆکە گەشت بکەن."
ئەو بە شێوەیەکی گاڵتەجاری گوتی ئەوان "چیتر ناتوانن بۆ بینینی خێزانەکانیان بچنە لەندەن، بۆ بینینی دۆستە کچەکانیان سەردانی پاریس بکەن، یان بۆ پارەکانیان بچنە جنێڤ."
بێسەنت هەروەها گوتی، ئابووری ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا، ڕووبەڕووی دابەزینێکی 25 لە سەدی دەبێتەوە، کە بە وتەی ئەو یەکێکە لە خێراترین دابەزینە ئابوورییەکانی مێژوو لە ماوەی یەک ساڵدا.
ئەو ئەم دۆخە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بەراورد کرد و گوتی ئابووری ڕووسیا لەو سەردەمەدا لە ماوەی سێ ساڵدا 22 لە سەد بچووک بووبووەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پێشترش جەختی کردبووەوە، حکومەتی ترامپ لە ڕێگەی جێبەجێکردنی هەڵمەتی فشاری ئابورییەوە هەوڵ دەدات سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی بپچڕێنێت و حکومەتی ئێران لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر بکات.
ئەم هەڵمەتە کە لە مانگی حەوتەوە دەستی پێکردووە، بریتییە لە سەپاندنی سزا داراییەکان، سنووردارکردنی هاوکاریی بانک و کۆمپانیا بیانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و زیادکردنی گوشاری ئابووری، هاوکات لەگەڵ گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانە بڵاوکراوەکانیدا، بەسەنت جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ گرت، بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی ماڵەکەی لە واشنتن.
ئەو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەوڵی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆرکردنی، وردەکاری زۆری نەدا تەنها گوتی "بڕیار نییە لەبارەی ئەم بابەتەوە قسە بکەین."
دواتر بێسەنت ناوی ئەما تاکەر، سەرنوسەری ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی هێنا و گوتی، ئەو ڕێگەی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ماڵەکەی داوە، هەر لەو ڕۆژەی کە ماڵەکەی کڕیوە.
بەپێی بێسەنت، ئەو وێنەیە زانیارییەکانی شوێنی ماڵەکەی ئاشکرا کردووە. و گوتی "ئێستا هەر کەسێک دەتوانێت لەسەر ئینتەرنێت شوێنی ماڵەکەمان لە واشنتن بدۆزێتەوە. ئەمە ڕۆژنامەگەرییەکی بێباکانە و مەترسیدارە."
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینیش لە چاوپێکەوتنێکی تردا لەگەڵ تۆڕی سیئێنبیسی جەختی کردبووەوە، هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژیانی نایترسێنن.
لە دیمانەیەدا گوتی بە پێی ئامۆژگاریی دەزگای پاراستنی نهێنی ئەمەریکا، ماڵەکەی لە واشنتن بەجێهێشتووە و گوازراوەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی.
ئەو هەروەها جەختی کردەوە، هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی نابنە ڕێگر لە بەردەوامبوونی هەڵمەتی گۆشەگیری ئابووری و سیاسەتی گوشاری زۆرترین ئاستی حکومەتی ترامپ دژی حکومەتی ئێران.