کۆبوونەوەی سەرۆک ترامپ و سەرۆکی چین بەرەوپێشچوونەکانی بازرگانی و ژیریی باڵا دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەوە

لە شاری شێنجێن لە پارێزگای گوانگدۆنگی باشووری چین، تابلۆیەکی تایبەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوکاری ئابووری ئاسیا و ئۆقیانووسی ئارام (APEC) هەڵواسراوە، 3ی یازدەی 2026

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جینپینگ ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو لە شاری شینجێنی چین کۆببنەوە، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دیپلۆماسیی کەسێتی نێوانیان دەتوانێت بەرەوپێشچوون لە بواری بازرگانی و بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی ژیریی باڵا (کە بە شێوەیەکی گشتی بە ژیریی دەستکرد بە ناوبانگە) بەدیبهێنێت یان نا؟

ئامادەکارییەکان لە 11 ی مانگی یازدەوە دەستیان پێکرد، کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ لووتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن لە 18 و 19 ی مانگی یانزەدا، هەروەها بەشداریکردنی پلان بۆ داڕێژراوی شی جینپینگ لە لووتکەی کۆمەڵەی بیستدا لە مانگی دوازدە لە ویلایەتی فلۆریدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفونییەکەی کە لەسەر داوای چین بووە، تیشکی خستووەتە سەر گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆی جەوهەریی لەسەر ئاستی سەرکردەکان سەبارەت بە ئاشتی و داماڵینی چەکی ئەتۆمی، لەوانەش لە کۆبوونەوەیەکی ئەگەریدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن.

چین لەلای خۆیەوە پەیوەندییەکەی بە ئەرێنی و بونیادنەر ناوبرد. لە ڕاگەیەندراوەکەی پەکیندا جەخت لەسەر بەردەوامیی سیاسەتەکان و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان کرابووەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی یان لووتکەیەکی سێ قۆڵی نەکردبوو.

دیدارەکەی شینزێن دەبێتە سێهەمین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ترامپ و شی لە ئەمساڵدا، دوای سەردانەکانی نێوانییان لە مانگەکانی سێ و حەوتدا.


هەماهەنگییەکان لە بواری ژیریی دەستکرد، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی کرداریدان

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بەسێنت کە لە 10 ی مانگی یانزەدا ڕایگەیاند یاوەری سەرۆک ترامپ دەکات، پلانەکانی بۆ گفتوگۆی دووقۆڵی لەسەر ژیریی دەستکرد خستەڕوو. بەسێنت لە وتارێکی ئامادەکراودا بۆ کۆمیتەی نیشتمانی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین، باسی لە ئاڵوگۆڕی زانیاری کرد سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی مۆدیلە پێشکەوتووەکان پێش بڵاوکردنەوەیان، پاراستنی کۆنتڕۆڵی مرۆیی بەسەریاندا و دروستکردنی کەناڵێکی ڕاستەوخۆ بۆ ڕاپۆرتکردنی ڕووداوە مەترسیدارەکان.

ئەم پلانانە دوای ڕێککەوتنەکەی مانگی حەوت دێن بۆ دامەزراندنی دیالۆگێکی تەکنەلۆجی و کەناڵێکی پەیوەندی بۆ ڕووداوە لە ناکاوەکان. لە وتارەکەی بەسێنتدا ئاماژە بەوە نەکرابوو کە ئایا ئەو کەناڵە کەوتووەتە کار یاخود نا، ئەمەش جێبەجێکردنەکەی وەک پێوەرێکی بەرجەستەی بەرەوپێشچوون هێشتووەتەوە.


پابەندبوونە بازرگانییەکان هێشتا جێی ناکۆکن

چین لەم هەفتەیەدا هەڵپەساردنی باجی گومرگی زیادەی بە ڕێژەی لە سەدا 24 لەسەر کاڵا ئەمەریکاییەکان بۆ ماوەی دوو مانگ لە 10 ی مانگی یازدە درێژکردەوە، لە کاتێکدا باجێکی زیادەی لە سەدا 10 ی هێشتووەتەوە. هەروەها بەردەوام بوو لە هەڵپەساردنی ئەو کۆتوبەندانەی کە کاریگەرییان لەسەر دامەزراوە ئەمەریکاییەکان هەیە، بە مەرجی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی مۆڵەتدان و پێداچوونەوە.

واشنتن فشار دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو پابەندبوونە بازرگانییانەی کە ساڵی ڕابردوو لەسەرییان ڕێککەوتوون. لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لە 6 ی مانگی یانزەدا لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیری چین هی لیفێنگدا، هەریەک لە بەسێنت و نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا جەیمسن گریەر تاوتوێی پەیوەندییە ئابوورییەکانییان کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، گریەر جەختی لەسەر کڕینی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان، توخمە دەگمەنەکانی زەوی و کانزا گرنگەکانی دیکە کردووەتەوە.

پەکین فراوانکردنی کڕینی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی کەمکردنەوەی باجی گومرگیی بەرامبەر کە بەهای 30 ملیار دۆلار کاڵا لە هەردوو ئاڕاستەکەوە دەگرێتەوە.


هەڵبژاردنەکان نادڵنیایی زیاد دەکەن

بەڕێوبەری پڕۆگرامی چین یون سون لە ناوەندی ستیمسن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمەریکادا هاتوونەتە ئاراوە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابنە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی مامەڵەی پەکیندا.

سون بە دەنگی ئەمەریکای گوت '' پێموانییە هەڵسەنگاندنی چین بۆ ئەمەریکا یان سیاسەتەکانی گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا بێت.''

ئاماژەشی بەوەدا کە کۆنگرێس دەتوانێت لە ڕێی دانیشتنەکانی گوێگرتن، لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنەوە سیاسەتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە ئاڵۆز بکات، بەڵام ویستەکانی سەرۆک ترامپ و بڕیارەکانی کۆشکی سپی هەر بە کاریگەر دەمێننەوە.

سون گوتیشی '' بێگومان پەکین ڕووبەڕووی نادڵنیایی زیاتر دەبێتەوە، بەڵام ئەو نادڵنیاییە بێسنوور نییە.'' ڕوونیشی کردەوە کە دۆسییەکانی تایوان، بازرگانی، وەبەرهێنانی چینی و مافەکانی مرۆڤ، دەکرێت هەموویان ببنە سەرچاوەی فشارەکانی کۆنگرێس.


ئامادەکارییە سێ قۆڵییەکان هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە

کۆبوونەوەیەکی ئەگەریی نێوان سەرۆک ترامپ و شی جینپینگ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەکرێت کارنامەی گفتوگۆکان فراوانتر بکات، بەڵام پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ڕوبیۆ و وانگ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆ ئەگەرییەکان دەکرێت داماڵینی چەکی ئەتۆمی و کۆتایی هێنان بە جەنگی ئێران بگرنەوە.

لەوبارەیەوە یون سون گومانی خۆی دەربڕی لەوەی کە پەکین بتوانێت سازشی کاریگەر سەبارەت بە ئێران پێشکەش بکات، ئاماژەی بەوەدا کە کەمکردنەوەی بەرچاویی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە ئەگەرێکی دوورە. هەروەها ناڕوونیی هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتن وایکردووە هێشتا زوو بێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەو ململانێیە لەسەر سیاسەتی چین، بەڵام سەرەڕای هەمووشتێک، سون دەڵێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان ئەمەریکا و چین نابێت.

ڕاپۆرتی لینگ فین/ دەنگی ئەمەریکا