ڕاگرتنی گشتی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری ئەمەریکادا نزیکەی کاتژمێر 8:15 ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا کۆتایی هات و بەشێک لە گەشتە ناوخۆییەکان لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەوە دەستییان پێکردەوە.
بەڵام دەسەڵاتداران هۆشیارییان داوە کە ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی ئاسمانی دوای درێژترین وەستانی گەشتەکان لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا، بە خاوی بەڕێوەدەچێت. بەرپرسان دەڵێن پێدەچێت سیستمەکە لە سەروبەندی قەرەباڵغی گەشتەکانی '' جەژنی سوپاسگوزاری '' بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکاتەوە.
گەشتەکان دەستییان پێکردووەتەوە بەڵام دواکەوتن یان پەککەوتن بەردەوامە
بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە گەشتی فڕۆکەکان درەنگانی شەوی هەینی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەستییان پێکردووەتەوە، هەروەها داوای لە گەشتییاران کردووە بۆ زانیاریی لەسەر گەشتیەکانییان پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەکانەوە بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم وەستانە بۆ چەند ڕۆژێک هەستی پێبکرێت. بەپێی ماڵپەڕی فڵایت ئەوێر، کە چاودێری پەککەوتنی گەشتەکان دەکات، ڕۆژی شەممە زیاتر لە 2,500 گەشت لە ئەمەریکا هەڵوەشاونەتەوە و سەدانی دیکەش دواکەوتوون.
وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا شۆن دەفی هۆشداریی دایە گەشتیارانی ئەمەریکایی کە گەڕانەوەی هاتوچۆی ئاسمانی بۆ دۆخی ئاسایی خێرا نابێت. هاوکات مارکوەین موڵینی وەزیری ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند کە مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتە نێودەوڵەتییەکان بەپێی دۆخی هەر گەشتێک بە جیا دەبێت.
فڕۆکەخانەی سان فرانسیسکۆ ڕایگەیاند کە لە ئێوارەی هەینییەوە مۆڵەت دراوە بەو گەشتانەی بەسەر زەریای هێمندا دەڕۆن، لەوانەش گەشتەکان بەرەو هاوایی و ئاسیا. لە بەرامبەردا دەزگای فڕۆکەوانی ئەوروپا لەسەر داوای بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵی ئەمەریکا گەشتەکانی بەرەو ئەمەریکا لە کاتژمێر 5 ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا تاوەکو نیوەشەو ڕاگرت.
هێڵە ئاسمانییەکان پابەند کراون بەوەی بێبەرامبەر بلیتی گەشتێکی دیکە بۆ ئەو گەشتیارانە ببڕنەوە کە دەیانەوێت بەردەوام بن لە گەشتەکەیان، یاخود پارەکەیان بۆ بگەڕێننەوە ئەگەر گەشتەکەیان هەڵوەشابێتەوە و بڕیارییان دابێت گەشت نەکەن.
هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکان
بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایانگەیاند کە بەستنەوەی تەکنەلۆجیای نوێ بە سیستمی کۆنتڕۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی وڵاتەوە، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئامێرە کۆنەکان. بە وتەی بەرپرسان، ئەمە بووەتە هۆی پچڕپچڕبوونی پەیوەندییەکان و دروستبوونی بۆشایی لە ڕادارەکاندا، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتەکان بۆ ماوەی زیاتر لە چوار کاتژمێر.
شۆن دەفی وەزی گواستنەوە ئاماژەشی بەوەدا کە ڕەنگە پەککەوتنی زیاتر ڕووبدات و گوتی '' پێمان وانەبوو توشی پچڕانێکی لەم شێوەیە ببین، بەڵام ڕوویدا.''
پڕۆسەی نوێکردنەوەی کۆنتڕۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد دوای ئەوەی کۆنگرێس بڕی 12.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرد. ئێستاش دەفی و کۆشکی سپی فشار دەکەن بۆ تەرخانکردنی 30 ملیار دۆلاری دیکە بۆ تەواوکردنی کارەکان.
پچڕانەکەی مایکرۆسۆفت و هێرشی ئەلیکترۆنی پەیوەندییان بە وەستانی گەشتەکانەوە نەبووە
وتەبێژێکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە هیچ ئاماژەیەکییان لەبەردەستدا نیە بیسەلمێنێت ڕاگرتنی گەشتەکان پەیوەندی بەو پەککەوتنە خزمەتگوزارییەوە هەبێت کە ڕۆژی پێنجشەممە بووە هۆی لە کارکەوتنی ئاوتلوک و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
وەزیری ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند کە هیچ ئاماژەیەک نیە ئەم لە کارکەوتنە پەیوەندی بە هێرشی ئەلیکترۆنییەوە هەبێت. موڵین گوتیشی '' هەرگیز ژیانی هیچ کەسێک لە مەترسیدا نەبووە و هیچ گەشتێکیش مەترسی لەسەر نەبووە. بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی توانی کۆنتڕۆڵی بکات و ڕاگرتنەکە تەنها لەوپەڕی وریاریی و خۆپارێزیدا جێبەجێکرا.''