هێگسێت مەدالیای ڕێزلێنان دەبەخشێتە ئەو پاسەوانەی کە سەرزەنشتی وەزیر و ستافەکەی کرد

پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریکا مەدالیای ستایشی خزمەتی هاوبەشی بەخشی بە تۆماس ئیگلێسیەسی سەرباز، ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەو سەربازە هاواری کرد و داوای لە وەزیر و میوانەکانی کرد بێدەنگی بپارێزن و ڕێز بنوێنن لە کاتی سەردانیاندا بۆ 'گۆڕی سەربازی نەناسراو' لە ڕۆژی یادی سەربازە دێرینەکانی ئەمەریکادا.

بۆنەی سەربازە دێرینەکان لە ڕۆژی چوارشەممە، 11ـی یازدە، ئەنجام درا. کاتێک وەزیری جەنگ و ستافە باڵاکانی وەزارەت لەوێ ئامادەبوون، لەناکاو دەنگی پێکەنین بەرز بووەوە. لەو کاتەدا ئیگلێسیەسی پاسەوان سەرزەنشتی ستافی وەزارەتی جەنگی کرد و بەدەنگێکی بەرز فەرمانی کرد، "هەموو میوانەکان کەشی بێدەنگی بپارێزن و بەردەوام ڕێزگرتن پیشانبدەن."

دیمەنەکە بە فراوانی لە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاو بووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری جەنگ خەڵاتکردنی ئەو سەربازەی لە بەرامبەر سەرزەنیشتکردنەکە ڕاگەیاند و وتی بە ئەرکی سەرشانی هەستاوە.

هێگسێت وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە مەدالیاکە دەبەخشێت بە سەربازەکە و نوسیویەتی، "ئێمە سەربازانمان خۆش دەوێن، پابەندبوون بە پێوەر و ڕێساکانمان خۆش دەوێت. دەستخۆش، سەربازی پسپۆڕ. بەردەوام بن، ئەی نیشتمانپەروەران."

هێگسێت لە پینتاگۆن بەخێرهاتنی ئەندامانی دەستەی پاسەوانیی کرد و مەدالیاکەی بەخشی بە ئگلێسیەس.

'گۆڕی سەربازی نەناسراو' یان 'سەربازی ون' یەکێکە لە گرنگترین یادگا نیشتمانی و سەربازییەکانی ئەمەریکا، کە لە گۆڕستانی نیشتمانیی ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا، لە نزیک واشنتن، هەڵکەوتووە. ئەم یادگایە لە ساڵی 1921 دامەزراوە و تایبەتە بە ڕێزگرتن لەو سەربازە ئەمەریکاییانەی لە شەڕەکاندا کوژراون و ناسنامەیان دیارنییە. یادگاکە بە شەو و ڕۆژ لەلایەن سەربازانی تایبەتی سوپای ئەمەریکاوە پاسەوانی دەکرێت و سەردانکەران پێویستە پابەندی ڕێسا توندەکانی ڕێزگرتن و بێدەنگی بن.

مەدالیای ستایشکردنی خزمەتگوزاریی هاوبەش بە یەکێک لە خەڵاتە باڵا سەربازییەکان دادەنرێت.