هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لە هەفتەی ڕابردوودا بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەی هاویشتنی بۆمبی ئاسایی بە فڕۆکەی هێرشبەری پێشکەوتووی بی-21 (B-21 Raider) ئەنجام داوە. ئەم هەنگاوەش قۆناغێکی گرنگە لە گواستنەوەی فڕۆکەکە لە قۆناغی تاقیکردنەوەوە بۆ بەکارهێنان.
بەپێی بەیاننامەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا، فڕۆکەیەکی بی-21 لە بنکەی ئاسمانیی ئێدواردز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا هەستاوە و لە میانەی تاقیکردنەوەکەدا بۆمبێکی ئاسایی هاویشتووە. ئەنجامی تاقیکردنەوەکە پشتڕاستی کردەوە کە سیستەمە دیجیتاڵییەکانی فڕۆکەکە و میکانیزمەکانی کردنەوە و بەکارهێنانی سیستەمی چەکەکانی، بە شێوەیەکی دروست و بە پێی پلان کاردەکەن.
فڕۆکەی بی-21 ڕەیدەر فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی ستراتیژیی نەوەی نوێیە کە بە تەکنەلۆژیای دژەڕادار دروستکراوە بۆ تێپەڕبوون لە سیستەمە پێشکەوتوو و چڕەکانی بەرگریی ئاسمانی و توانای هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی ئاسایی و ناوەکی هەیە.
کێن ویلسباک، بەرپرسی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا گوتی، "ئەم تاقیکردنەوەیەی چەک دەیسەلمێنێت کە بەرنامەی بی-21 بە شێوەیەکی نایاب کار دەکات."
لە ساڵی 2015ـدا، هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا گرێبەستی دیزاین و دروستکردنی ئەم فڕۆکە بۆمبهاوێژەی بە کۆمپانیای نۆرسرۆپ گرەمن (Northrop Grumman) سپارد، وەک بەشێک لە بەرنامەی نوێکردنەوەی تواناکانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا.
بی-21 دەتوانێت لە ناوچەکاندا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات کە بە سیستەمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانی پارێزراون، بەبێ ئەوەی بە ئاسانی لەلایەن ڕادارەکانی دوژمنەوە بدۆزرێتەوە.
هێزی ئاسمانی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە بەرنامەی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی فڕۆکەکە بەرەو تەواوبوون دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت یەکەم فڕۆکەی ئامادە بۆ خزمەت لە ساڵی 2027ـدا بگاتە بنکەی ئاسمانی ئێلزوۆرس لە ویلایەتی داکۆتای باشوور.
ئەم تاقیکردنەوەیە یەکێکە لە هەنگاوە سەرەکییەکانی ئامادەکردنی بی-21 ڕەیدەر بۆ چوونە خزمەتی فەرمی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ڕۆڵێکی گرنگ لە توانای بۆمبهاوێژی ستراتیژی ئەمەریکادا ببینێت.