وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا: ئێران هەڕەشەی کوشتنی لێکردووم بەڵام ناترسم

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی 13ـی مانگی یازدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی، پشتڕاستی کردەوە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.

بێسێنت وتی، "هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووم؛ من و ئەندامانی دیکەی کابینەکە ناترسین."

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەو وتووێژەدا بە تۆنێکی توند دژ بە بەرپرسانی ئێران وتی، "نەفرەت لە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران."

بێسێنت ئەم هەڕەشانەی بە نیشانەی سەرکەوتنی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەمەریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی، "ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەوەی ئێمە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریدا ئەنجامی دەدەین، سوودی هەیە."

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە کەنداو کرد و وتی "بۆ دەبێ بترسم، لە کاتێکدا هێزی سەربازی ئازامان لە کەنداو هەیە."

بێسێنت ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن دەبێتەوە.

ناوبراو کاریگەریی کارەکانی ئەمەریکای دووپات کردەوە و وتی، "ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەنجامی هەیە و سوپای پاسداران وەک ئاژەڵێکی مەترسیدار وایە کە کەوتووەتە داوەوە."

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند شەڕی ئێران هەژانێکی وزەی دروستکردووە، بەڵام ئەمەریکا ئەم هەژانە تێدەپەڕێنێت.

وتیشی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا پێویستە ڕێبازێکی "نەرم" بگرێتەبەر و ڕێژەی سوود زۆر بەرزنەکاتەوە لە کاردانەوە بەم هەژانە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەژانی وزە خەریکە کەم دەبێتەوە.