سوپای ئەمەریکا دوو درۆنی ئێرانی خستە خوارەوە کە ئاڕاستەی بەحرەین کرابوون

سوپای ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دوو درۆنی هێرشبەری ئێرانی کە ئاڕاستەی بەحرەین کرابوون، لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ئەو بانگەشەیەی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە ڕایگەیاندبوو هێرشی کردووەتە سەر سیستەمێکی ڕاداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمەریکا لە بەحرەین.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر 'ڕادارێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمەریکا' لە بەحرەین. ڕاستییەکە ئەوەیە: سوپای پاسداران دوو درۆنی هێرشبەری یەک ئاڕاستەی بەرەو بەحرەین هەڵدا و هەردووکیان لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە خرانە خوارەوە."

سێنتکۆم ئاماژەشی دا بەوەی "هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لە ڕووداوەکە نەکەوتووەتەوە."

لە بەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران، ئیرنا، بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، پاسداران هێرشی کردووەتە سەر سیستەمی ڕاداری ئەمەریکا لە وەڵامی هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر ستوونێکی پەیوەندییەکان لە بەندەری سیریکی باشووری ئێران.

بەحرەین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەگرێت و شوێنی جێگیربوونی کەشتییە جەنگییەکانی فلیتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمەریکایە.