ترامپ: ئێران تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە ئەو دەرفەتەمان لێ سەندەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران پێش ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا "تەنها دوو هەفتە"ی مابوو بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام ئەمەریکا ئەو دەرفەتەی لێ سەندووەتەوە.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ستیڤن ئەی سمیت سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران وتی "پێموایە ئەگەری کەم بوو کە ئەوان چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێنن لەکاتێکدا تەنها دوو هەفتەیان مابوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەکە.

سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردەوە "پێموایە ئەگەری زۆر زۆر بوو کە ئەوان ئەم چەکەیان بەکارهێنابا و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرتر لەناچەکەشیان لەناو بردبایا."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمەریکا کۆماری ئیسلامیی بە "ئیمپراتۆریەتێکی خراپەکار" ناو برد و وتی ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر کارمان تەواو کردوون.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، وتی "ئەوان چەکی ئەتۆمییان نابێت، ئێمە ئەو توانایەمان لێیان سەندووەتەوە و دڵنیا دەبینەوە کە بە تەواوی بێتوانا بوون، هەر بۆیە من لەوێم."

ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی لە 28ی مانگی دووی ساڵی 2026 بە بەشداری ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چل ڕۆژ بەردەوام بوو.

ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەهێشتنی توانای کۆماری ئیسلامی بوو بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەربازی لە ناوچەکە، لێدانی ژێرخانی مووشەکی، دەریایی و ئەمنیەتی ڕێژیمی ئێران و دڵنیابوون لەوەی کە چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.

دوای کۆتایی هاتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە، سێنتکۆم ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا لە قۆناغی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی 13هەزار و پانسەد ئامانج.