داڕمانی بینایەک لە نیویۆرک گیان لەدەستدانی 8 کەس و برینداربوونی 18 کەسی دیکەی لێکەوتەوە

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ئاگرکوژێنەوەی نیویۆرک، لە ئەنجامی ڕووخانی بەشێک لە بینایەکی سێ نهۆمی لە گەڕەکی فلاتبووش لە بروکلین، هەشت کەس گیانیان لەدەست دا و 18 کەسی دیکە بریندار بوون، کە دۆخی تەندروستیی دووانیان مەترسیدارە.

ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، لە چوارڕیانی شەقامەکانی فلاتبووش و بێدفۆرد ڕوویدا، کاتێک بەشێک لە بیناکە ڕووخا و داڕمایە ناو شوێنێکی هەڵکەندراو کە کاری بیناسازیی تێدا دەکرا.

تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی شەش کەسیان لە ژێر پاشماوەکانی بیناکە دەرهێنا. بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن دوو کەسی دیکە دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکان، پێدەچێت چوار کەس لەو قوربانییانەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆزرانەوە کرێکاری بیناسازی بووبن، هەروەها دوو منداڵیش لە نێو قوربانییەکاندا هەن.

ناونیشانی بیناکە بریتییە لە 1321 لە شەقامی فلاتبووش؛ نهۆمی خوارەوەی دوکان بوو و نهۆمەکانی سەرەوەشی بۆ نیشتەجێبوون بەکاردەهێنران. دەڕێوەبەرایەتیی بیناکانی نیویۆرک ڕایگەیاند، کۆمپانیای پەرەپێدەری پڕۆژەکە مۆڵەتی کارای بۆ هەڵکەندن و دروستکردنی بناغە هەبووە، بەڵام دوای ڕووداوەکە فەرمانی ڕاگرتنی تەواوی کارەکانی دەرکردووە، تا لێکۆڵینەوەکان هۆکاری ڕووخانی بیناکە دیاریبکەن.

بەرپرسان دەڵێن، ئەگەری ئەوە هەیە کە کەسانی دیکەش هێشتا لەژێر وێرانەی بیناکە نەدۆزرابنەوە، بۆیە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن لە شوێنی ڕووداوەکە بەردەوامە.