خەڵکی ئەمەریکا لە سەرانسەری وڵاتدا ئەمڕۆ، 11ـی یازدەی 2026، یادی ڕۆژی سەربازە دێرینەکانییان کردەوە.
ئەم یادە پشوویەکی فەڕمی فیدڕالییە و ساڵانە لە 11ـی مانگی یازدە بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی ڕێزلێنان لەو ژن و پیاوانەی کە لە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکادا لە سەردەمی ئاشتی و جەنگدا خزمەتیان کردووە.
مێژووی ئەم یادکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1918، لە کاتژمێر 11ـی بەیانی ڕۆژی 11ـی مانگی 11ـدا. دواتر لە ساڵانی پەنجاکاندا، ناوی ئەم ڕۆژە بە فەڕمی گۆڕدرا بۆ ئەوەی سەرجەم شەڕکەر و سەربازە دێرینە زیندوو و قوربانییەکان بگرێتەوە کە خزمەتییان کردووە، نەک تەنها سەربازانی جەنگی یەکەمی جیهانی.
لە گۆڕستانی نیشتمانی ئارلینگتنن لە نزیک واشنتنی پایتەخت، بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای حکومەت، فەرماندەکانی سوپا و خێزانی سەربازان، مەراسیمی گەورە و فەرمی بەڕێوەچوو. لە کاتژمێر 11ـی بەیانیدا تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی سەربازی ون دانرا و 21 فیشەک وەک سڵاو و ڕێزلێنان تەقێندران.
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ و جێگرەکەی، جەی دی ڤانس، لە کاتی بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا.
کۆشکی سپی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ''لە ڕۆژی سەربازە دێرینەکاندا، ئێمە ڕێز لە ئازایەتی، قوربانیدان و دڵسۆزیی شایستەی ئەو ژن و پیاوە ئازایانە دەگرین کە بەرگرییان لە ئازادیی کەسیمان کردووە و شێوازی ژیانی ئەمەریکاییەکانییان پاراستووە. نەتەوەکەمان هەردەم قەرزدار و سوپاسگوزاری خزمەتەکانیان دەبێت.''
هاوکات، لە شارە گەورەکانی ئەمەریکادا ڕێپێوان و نمایشی سەربازی ڕێکخران. لە شاری نیویۆرک گەورەترین ڕێپێوانی ساڵانە ئەنجام درا کە تێیدا هەزاران سەرباز، تیمی موزیک و یەکە سەربازییەکانی ئێستا و پێشوو بەشدارییان تێدا کرد، لەگەڵ ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە خزمەتی ئەو سەربازانە.
سەربازە دێرینەکانی بەشدارییان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا کردووە، ئەمڕۆ ڕێزیان لێ گیرا.
پیشاندانی ڕێزلێنان تەنها بە لایەنی فەرمییەوە سنوردار نەبوو، بەڵکو گەلێک ڕێستۆرانت و قاوەخانە، خواردن و خوارنەوەی بەخۆڕایی و داشکاندنی تایبەتیان پێشکەش بە سەربازانی دێرین و خێزانەکانیان کرد.
جگە لەوانەش، لە قوتابخانەکاندا کۆبوونەوە و دیداری ڕاستەوخۆ لە نێوان خوێندکاران و سەربازە دێرینەکاندا ڕێکخرا تاوەکو ئەزموونی خۆیان بۆ نەوە نوێیەکان بگوازنەوە.
ئەم ڕۆژە هەروەها تیشک دەخاتە سەر سەرجەم ئەو خزمەتگوزاری و پشتیوانییانەی کە لەلایەن وەزارەتی کاروباری سەربازە دێرینەکانەوە پێشکەش دەکرێن، بەتایبەتی لە بواری چاودێریی تەندروستیی دەروونی، دابینکردنی خانوو و ئاسانکاریکردن بۆ تێکەڵبوونیان لە بازاڕی کاری مەدەنیدا.