جێرید کوشنەر، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە لە ئیماراتەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە هاوڕێ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف بەرەو مۆسکۆ بەڕێدەکەوێت بە مەبەستی دیدار لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا.
کوشنەر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ''ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر کردن دەیانگەیەنین بە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن...هەندێک کرانەوە و دەرفەت دەبینین.''
لە بارەی هەنگاوەکانی دواترەوە جێرید کوشنەر گوتی لە دبلن چاویان بە سەرۆکی ئۆکراینا ڤلادیمێر زێلێنسکی دەکەوێت کە لەوێدا کورتەی باسەکان و هەروەها ئەو بیرۆکانەی کە ڕۆژی چوارشەممە لە ئیمارات گفتوگۆ کراون پێی دەگەیەنن.
ڕۆژی سێشەممەش ستیڤ ویتکۆف لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە لە هەوڵەکانیان لەگەڵ ئۆکراینا و ئەورووپاییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا.
ئەم هەوڵانەی نوێنەرانی سەرۆک ترامپ دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بەرنامەی شەست خولەک ڕایگەیاند کە لە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەردەوام دەبن و بەمزووانە ئەنجامەکانی ئەم هەوڵانە بەدیار دەکەون.
پێشتریش بە هۆی هەوڵەکانی مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا یەکەم ئاگربەست لە شاری ئۆلێشکی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەو شارە لە ناوچەکانی جەنگ سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو. ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ ئاگربەستی فراوانتر لە لایەن چاودێرانەوە سەیر دەکرێت.