سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتانی ناوچەکە پێیان باشە گەمارۆی دەریایی و وشکانیی تاران بەردەوام بێت لەبری ئەوەی جارێکی دیکە هێرش بکرێتەوە سەر ئێران.
دۆناڵد ترامپ لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تروث سوشیاڵ ئێوارەی دووشەممە نووسیویەتی "قەتەر، سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، کوەیت و ئەوانی دیکە پێیان باشە دۆخی ئێستا بەردەوام بێت؛ بە واتایەکی دیکە گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە مێژوودا و ئۆپەراسیۆنی نوێی دەروازەی پۆڵاین لەسەر وشکانی و دەریایی بەردەوام بێت."
سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو خواستی وڵاتانی ناوچەکە بریتییە لە "پاراستنی دۆخی ئێستا" سەبارەت بە ئێران، بەڵام لە پۆستە نوێیەکەیدا بە ناوهێنانی ئەو وڵاتانەی کە باسی لێوە دەکرێت وردەکارییەکانی ئەم پرسە ڕوونکردەوە.
سەرۆک ترامپ ئەم پۆستەی دوای وتووێژی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر نووسی و جەختی لەوە کردەوە کە وتووێژەکە "باش" بووە و چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێ کراون و ئاڵوگۆڕ کراون.
بەڵام ترامپ ڕێککەوتنی وڵاتانی ناوچەکەی بۆ درێژەدان بە گوشارەکانی سەر ئێران بە "گرنگتر" ناو برد و وتی "هەموو لایەک ڕێککەوتوون کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دانوستان نییە!"
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها هۆشداریشیدا کە ئەگەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "بە هەر شێوەیەک بگۆڕدرێن، ئەمەریکا بە تەواوی ئامادەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی، بەڵام پێدەچێت گۆڕانێکی لەم جۆرە لەژێر هەلومەرجی ئێستادا زۆر بەدوور بێت."
ترامپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران دەپارێزرێن.
ئەو بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، نووسیویەتی "ئێمە پێشکەوتنی ئەرێنی دەبینین لەسەر ڕێگای کۆتاییهێنان بەم ململانێیە... لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم ململانێ سەربازییە، گەل و خەڵکی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان زۆر سەلامەتتر و پارێزراوتر دەبن."
سەرۆک ترامپ دوای دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی چاوەڕواننەکراودا ڕایگەیاند، ئەمەریکا دۆخی ئێستای بەرامبەر ئێران دەپارێزێت و پێویستی بە هێرشی نوێ نابینێت.
وتیشی "بەرپرسانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا قسە دەکەن و بە زمان و تۆنێکی زۆر بەئەدەبەوە قسە دەکەن."
ترامپ وتی ئەگەری زۆر هەیە کە ئەم ململانێیە کۆتایی پێبێت.