وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە لیستی ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە کە بەرزترین ئاستی هۆشداریان لەسەرە بۆ گەشتکردن و داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کرد لە هیچ بارودۆخێکدا گەشت بۆ ئێران و عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە نەکەن.
هەژماری فەرمی کونسوڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، "ئێمە هۆشداریی ئاستی چوار بە پشتبەستن بە بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتەکە یان بە پێی تواناکانی ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی ئەمەریکاییەکان لەو وڵاتانە دەردەکەین، ئەم شوێنانە مەترسیدارن و لە هیچ بارودۆخێکدا گەشتیان بۆ مەکەن."
جگە لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەفغانستان، بیلاڕووس، بورکینافاسۆ، میانمار، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، چاد، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، هایتی، عێراق، لوبنان، لیبیا، مالی، نەیجەر، کۆریای باکوور، ڕووسیا، سۆماڵ، باشووری سودان، سودان، سوریا، یۆگاندا، ئۆکراینا و یەمەنی وەک ئەو وڵاتانە ناوناوە کە هۆشداری ئاستی چواریان لەسەرە.
هۆشداری ئاستی چوارەم بەرزترین ئاستی هۆشداری گەشتکردنە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دەرچووە و بەو مانایەیە کە بە توندی پێشنیار دەکرێت کە خۆت بەدوور بگرێت لە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیگرێتەوە.
پێویستە بگوترێ ئێران لە لیستی ئەو وڵاتانەشدا بوو کە پێش بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە هۆشداریی ئاستی چوارەمیان هەبووە و پەیامە نوێیەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووبارە جەختکردنەوەیە لەسەر هۆشداریی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە.