دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆببێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ لەگەڵ ئێران بەردەوامن.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە میدیاکانی حکومەتی ئێران بڵاویانکردەوە کە سوپای ئەمەریکا لە ماوەی شەوی ڕابردوودا هێرشی سەربازی سنوورداری بۆ سەر دوورگەی قەشم ئەنجامداوە. سوپای ئەمەریکا تا ئێستا بە ئاشکرا ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئەم هەواڵانە دوای ئەوە هاتن کە ترامپ شەوی یەکشەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند کە ئەگەر دانوستانەکانی ئاشتی بەرەوپێش بچێت، هێرشی زیاتر بۆ سەر ئێران بە دوور دەزانێت.
ڕژێمی ئێران بە بەردەوامی دانوستاندن و کردنەوەی تەنگەی هورمزی ڕەتکردووەتەوە هەتا ئەو کاتەی ئەمەریکا کۆمەڵێک مەرج جێبەجێ دەکات، لە نێوانیان هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و ئازادکردنی سەروەت و سامانی سڕکراوی ئێران.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمرریکا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند دانوستاندن لەگەڵ ئێران تا ئێستا بێ ئەنجام بووە. ناوبراو داواکارییەکانی تارانی بە "قبووڵنەکراو و لە هەندێک حاڵەتدا گاڵتەجاڕانە و نابەجێ" ناو برد.
ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد ترامپ دەیەوێت ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان بدۆزێتەوە.
لە کاردانەوە بە قسەکانی ڕوبیۆ، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەگەر ئەمەریکا داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ بکات، لە ماوەی دوو ڕۆژدا پێشهاتی ئەرێنی لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەبینین و ئاسایش لە تەنگەی هورمزدا دەستەبەر دەبێت."
کۆشکی سپی دیداری ترامپی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر پشتڕاستکردەوە. دیپلۆماتکارانی قەتەر لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دوو جار سەفەریان بۆ تاران کردووە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی چڕتر بوونەتەوە.
ئەلسانی هەفتەی ڕابردوو لە وتارێکدا بۆ ئۆکسفۆرد یونیەن، کە کۆمەڵگەیەکی دیبەیتی زانکۆکانی بەریتانیایە، وتی، "هیچ کاتێک ڕێککەوتنێکی ئاشتیی تەواو و بێ کێشەمان نابێت."
ئاماژەشی دا بەوەی "ئێمە ناتوانین تەنها چاوەڕێی ئەو ساتە بین کە ڕێککەوتنێکی تەواو و بێکەموکوڕی بەدەست دێت و لە پێناو ئەوەدا دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باش لەدەست بدەین."
سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن و دۆحەش دەست لەهەوڵەکان لەگەڵ هەردوولا هەڵناگرێت.
سوپای ئەمەریکا هەروەها ڕۆژی شەممە دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکی نوێی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی دەروازەی پۆڵاین ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو و کەرەستەی دیکە بۆ ئێران لە ڕێگەی ڕێڕەوی وشکانی، و پشتیوانی لە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا.
دۆناڵد ترامپ ئێوارەی یەکشەممە لە فلۆریدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی دەروازەی پۆڵایین تازە دەستی پێکردووە. ئەوە مانای ئەوەیە هیچ شتێک بە ڕێگەی وشکانی و ڕێگەی ئاوەوە ناچێتە ژوورەوە."
ترامپ باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان کرد و لە هەمان کاتدا ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمەریکاشی بۆ سەر ئێران ڕەتنەکردەوە.
وتی، "دەتوانم هەر ئێستا هەنگاو هەڵگرم و لەناویان ببەم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەرگیز ناتوانن دووبارە دروستی بکەنەوە."
وتیشی، "ئەگەر پردەکان و وێستگەکانی کارەبا لەناوبەرم، دروستکردنەوەی پردە گەورەکان کە پردی زۆر گەورەشیان هەیە، لە هەموو شتێک قورسترە."
سەرۆکی ئەمەریکا لەکاردانەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆنگرێس کە تێیدا دیموکراتەکان سەرکەوتن، وتی کردەوەی سەربازی دژی ئێران ئەوەی دەهێنا. جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس بەشێکی هۆکاری سەرکەوتنی دیموکراتەکانی لەو هەڵبژاردنەدا بۆ شەڕی ئێران گەڕاندەوە.
ترامپ وتی, "هەنگاوی دژی ئێران وەک یەکێک لە باشترین کارەکان دەچێتە مێژووەوە کە تا ئێستا کردوومانە، چونکە ئەگەر چەکی ئەتۆمییان دەستکەوتبا، جیهانیان لەناودەبرد."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە خەڵاتی 20 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە هەرس و لایەنێک دەکات کە زانیاری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدات.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند ئێران ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر.