تۆم باراک: گفتوگۆی ڕاستەوخۆی هەولێر و بەغدا کلیلی چارەسەری کێشەکانە

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، پێشوازی لە دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا کرد بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە ناکۆکەکان، لەوانە هەناردەکردنی نەوت و مووچەی فەرمانبەران و داهاتی هەرێمی کوردستان، هەروەها جەختی لە پاڵپشتی واشنتن بۆ هاوکاریی نێوان هەردوولا کردەوە.

تۆم باراک ڕۆژی دووشەممە 9ـی مانگی یازدە لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە سەختەکانە، لەوانە هەناردەکردنی نەوت و مووچە و داهات. عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە سەرکردایەتی خۆیان ئەم ڕێبازەیان نیشان دا."

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە "ئەمەریکا لەگەڵ هەردوولایە بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری بکەن لەسەر ڕێگای بنیاتنانی عێراقێکی ئاوەدان و خاوەن سەروەری خۆی."

وتەکانی تۆم باراک دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێک گەیشتە شاری بەغدا و لەوێ لەگەڵ عەلی زەیدی و بەرپرسانی تری عێراق کۆبووەوە.

بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش، دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکان و پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی فیدراڵی 2027."

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەی بارزانی و زەیدی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق "پابەندی بەهێزی" حکومەتی فیدراڵی نیشان داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەیاننامەکە دەڵێت لە دیدارەکەدا هەردوولا بە توندی سەرکۆنەی هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کرد و جەختیان لە بەردەوامیی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خێراکردنی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز و گەرەنتیکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027 کردەوە.

پاڵپشتی تۆم باراک بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هەردوولا، لە کاتێکدایە کە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نەوت و دارایی وەک یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق ماوەتەوە.