ڕوبیۆ بەهۆی "داواکارییە نابەجێیەکانی" ئێرانەوە هیوایەکی ئەوتۆ بۆ چارەسەری دیپلۆماسی نابینێت

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران نزیکنین لە گەیشتن بە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەرەو ڕێککەوتن.

ڕوبیۆ بەر لە گەشتەکەی بۆ پاریس بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە فلۆریدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وڵاتانی جۆراوجۆر هێشتا هەندێک پێشنیار لە دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا پێشکەش دەکەن. بەڵام ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە کۆمەڵێک داواکاریی "گاڵتەجاڕ و نابەجێ" لە دانوستاندنەکاندا دەخاتە ڕوو.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترامپ "هەمیشە چارەسەری دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت،" بەڵام هەوڵەکانی ئێستا زۆر بەرهەمدار نەبوون، چونکە داواکارییەکانی ئێران نەک هەر جێگای قبوڵکردن نین، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا "ڕوودارانە، گاڵتەجاڕانە و بەڕاستی واقیعبینانە نین."

حکومەتی ئێران پێشتر کۆتاییهاتنی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی لە کەنداو و لابردنی سزاکانی ئەمەریکای وەک پێشمەرجێک بۆ دانوستانەکانی ئاشتی ڕاگەیاندبوو. لە بەرامبەردا، واشنتن دەیەوێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە و تاران داواکانی واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی قبوڵ بکات.

ڕوبیۆ هەروەها بەرگری لە بڕیاری دۆناڵد ترامپ کرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و وتی، "ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران هەنگاوێکی پێویست بوو، هەرچەندە ڕەنگە پاڵپشتی گشتیی لەگەڵدا نەبووبێت."

ئەم لێدوانەی ڕوبیۆ لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی یەکشەممە وتی ئەگەر دانوستانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بچن، ئەگەری هێرشی سەربازی نوێ بۆ سەر ئێران زۆر کەم دەبێت.

ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ڕەنگە هێرشەکان لە دژی ئێران دەست پێبکاتەوە، وتی ئەمە بەندە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی تۆکمە لەگەڵ تاران و ئەگەر ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بکرێت، پێدەچێت پێویست بە هێرشی نوێ نەکات.