ترامپ: ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران زۆر کەمە ئەگەر دانوستاندنەکان بەرەو پێش بچن

سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە بەو کەناڵەی ڕایگەیاندووە "ئەگەری فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران زۆر کەمە" ئەگەر گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بەباشی بەرەوپێش بچن.

کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی یەکشەممە 8ی مانگی یازدە بڵاویکردووەتەوە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و کردنەوەی تەنگەی هورمز بە باشی بەرەوپێش بچن، ئەوا ئەگەری زۆر کەمە فەرمانی هێرشی سەربازی زیاتر بۆ سەر ئێران بدات.

لەو وتووێژە 20 خولەکییەدا ترامپ بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە "ئەوە پەیوەستە بەوەی کە ئەوان ڕێککەوتنێکی زۆر تۆکمە واژۆ دەکەن یان نا. ئەگەر ئەوە ببێت ئەگەری زۆر کەمە کە کارێکی لەو شێوەیە پێویست بێت. بەڵام ئەگەر پێویست بوو ئەوە دەکەم. پێشتر چەند گورزێکی زۆر قورسمان لێ داون.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی داراییەوە بەرەو لاوازی دەڕوات و "لە ڕووی سەربازییەوە لێمان داون. دەتوانین کاریان تەواو بکەین."

لە شوێنێکی دیکەی وتووێژەکەدا ترامپ باسی لە ئامادەیی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە بۆ هێرشە ئەگەرییەکان و ڕایگەیاندووە "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە. سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگرم لەوێ هەیە. تازە فڕۆکەیەکی دیکە گەیشتووە. ئەوان بە تەواوی ئامادەن و چەکدارن."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا ئامانجەکانی ژێرخانی لە ئێراندا دەستنیشان کردووە- لەوانەش وێستگەکانی کارەبا و پردەکان بۆ لێدانی ئەگەری.

وتیشی "ئێمە 38 پردمان لە لیستی ئامانجەکانمان هەیە کە دەتوانین تەنها لە ماوەی یەک کاتژمێردا لەناویان ببەین. "هەموویان دەسڕدرێنەوە."

سەرەڕای ئەوەش ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە پێی باشترە ژێرخانی ئێران نەکاتە ئامانج، چونکە ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەتوانێ 10 ساڵ بخایەنێت. سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، ترامپ ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەناوچووە و ئەو وڵاتە تەنیا لەسەدا 10ی توانای مووشەکی و لەسەدا 15ی توانای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی بەدەستەوە ماوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بەشێکی زۆری دامەزراوەکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەناوچوون و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی خاوەنی توانای سنووردارن بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

لە کۆتاییدا ترامپ جارێکی دیکە ئەگەری هێرشی زیاتری بۆ سەر ئێران بە کەم ناو برد و ڕایگەیاند "بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویست نابێت. ئەوان زۆر تامەزرۆن بۆ ڕێککەوتن."