ئەمەریکا بەهۆی پەیوەندییان بە ئێرانەوە سزای بەسەر 8 کۆمپانیای کەنەدیدا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی خولێکی نوێی سزای پەیوەندیدار بە ئێرانەوە ڕاگەیاند، کە تێیدا هەشت کۆمپانیای خزمەتگوزاریی دارایی کە بنکەکانیان لە کەنەدایە، خستە چوارچێوەی لیستی سزاکانەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئۆفیسی کۆنتڕۆڵکردنی داراییی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ئەم هەشت کۆمپانیایە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری" سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت، ئەم کۆمپانیایانە ئاسانکارییان بۆ مامەڵە داراییەکانی ڕژێمی ئێران، لایەنە سزادراوە پەیوەندیدارەکان و لایەنە نایاساییەکانی تر کردووە بۆ جوڵاندنی سەروەت و سامان بەرەو ناوەوە و دەرەوەی ئێران.

کۆمپانیاکان یارمەتییدەربوون لە گۆڕینەوەی تمەنی ئێرانی و دراوەکانی تر بۆ دراویی دیجیتاڵی و بەم شێوەیە ڕێگەیان بە ئەنجامدانی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرژەوەندیی ئێران خۆش کردووە.

بەشێک لەم کۆمپانیایانە تۆمەتبار کراون بە پڕۆسەکردنی مامەڵە لەگەڵ ئاڵوگۆڕە سزادراوەکانی دارایی دیجیتاڵی ئێرانی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناونیشانە دیجیتاڵییانەی کە بەستراونەتەوە بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.

بەپێی بەیاننامەکە، ئەم هەنگاوە لەژێر هەماهەنگی تەواودا بووە لەگەڵ تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی گەنجینەی ئەمەریکا و ناوەندی شیکاریی پڕۆسە و ڕاپۆرتە داراییەکانی کەنەدا دا.

لە لایەکی دیکەوە و بە جیا ڕۆژی هەینی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمەریکا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئێران.

لە هەمان ڕۆژدا، سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ، شێخ محەمەد بن عبدالرحمن بن جاسم آلثاني، لە وتارێکدا لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەڕیتانیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا و ئێران تا ئێستا نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەردوولا ڕەزامەندی لەسەر '' ڕێککەوتنێکی باش '' بدەن، لە بری ئەوەی بە دوای ڕێککەوتنێکی '' نموونەیی '' دا بگەڕێن.