سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی'' هێرشێکی بچووکیان'' کردووەتە سەر ئێران، ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە فەڕمییەکانی ئێران ئاماژەیان بە دوو هێرشی مووشەکی کرد لە دوورگەی قشم لە نێو تەنگەی هورموز.
ڕۆیتەرز لە زاری ئاژانسی تەسنیمی ئێرانەوە بڵاویکردەوە مووشەکەکانی ڕۆژی هەینی بەسەر دوورگەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەڕمی لەسەر زیانە گیانی و مادییەکان ڕانەگەیەندراوە.
دوورگەی قشم کە دەکەوێتە کەنداوی فارس و باشووری ئێران، بە یەکێک لە ناوچە هەرە هەستیارەکانی ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوت و گازی جیهانی دادەنرێت.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی دوای گەیشتنی بۆ وێست پاڵم بیچ لە فلۆریدا، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هێرشەکە بە دیاریکراویی باسی لە دوورگەی قشم نەکرد و گوتی ''نامەوێت باسی بکەم.'' گوتیشی '' ئێمە هێرشی بچووک ئەنجام دەدەین بەڵام بە تەواوەتی ئامانجەکە لە کاردەخەین. ئەوان سیستمێکی بچووکی بەرگریی ئاسمانییان دامەزراندبوو، ئێمەش تەنها لە ماوەی 5 بۆ 15 خولەکدا تێکمان شکاند.''
ئەم هێرشانە بە یەکەم جووڵەی سەربازیی واشنتن دادەنرێن دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا هەمان دوورگەی کردە ئامانج و بەرپرسانی ئەمەریکا گوتییان هێرشەکە '' هێرشێکی بەرگریی '' بووە.
سەرۆک ترامپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەسەر داڕمانی ئابووریی و سەربازیی ئێران کردەوە و گوتی '' ئێران بە پەرۆشەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر مێزی ڕێککەوتن. ڕێژەی هەڵاوسان لای ئەوان گەیشتووەتە لە سەدا 300، هێزی دەریایی و فڕۆکەخانەکانییان و هەمووشتێکییان لە دەستداوە.''
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا دەیەوێت '' بەم نزیکانە ڕێککەوتن '' بکات، گوتی '' سەیرکەن، ئێمە هیچ و کوژراو و بریندارێکمان نیە، جەنگێکە کە ڕەنگە حەوت مانگ بێت تێیدا بین، بەڵام بە کردەیی تەنها سێ بۆ چوار هەفتە شەڕی ڕاستەقینەمان کردووە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەوانە جەنگ بوون.''