سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە تێیدا پارتی دیموکرات سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتووەوە زۆرینەی ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران وەردەگرێت، ڕۆژی هەینی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە زیاتر لە 10 ویلایەتدا بەردەوام بوو کە هێشتا لە ڕکابەرییەکی زۆر تونددا ماوە و ئەنجامەکانییان بە تەواوەتی ڕانەگەیەندراون.
لە ئەنجومەنی سیناتدا کورسییەکانی هەردوو ویلایەتی ئالاسکا و میسیسیپی بەهۆی بەردەوامیی جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە یەکلا نەبوونەتەوە. لە ئێستادا هەردوو کورسییەکە لەلایەن کۆمارییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن کە هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنەوەیان دەدەن.
لەگەڵ یەکلابوونەوەی ئەنجامی ڕکابەرییەکانی دیکەی ئەنجومەنی سینات، لە کۆی 100 کورسی لەو ئەنجومەنەدا، دیموکراتەکان خاوەنی 54 کورسین، لە نێوانیاندا دوو ئەندامی سەربەخۆش کە لەگەڵ دیموکراتەکاندا هاوپەیمانن، بەرامبەر بە 44 کورسی کۆمارییەکان. کاندیدەکانی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی سێشەممەدا توانییان 7 کورسی لە ژێر دەستی کۆمارییەکان دەربکەن. ئەو کورسییانەش لەو ناوچانەدا بوون کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆمارییەکاندا بوون، لەوانەش کورسی تەکساس و کارۆلاینای باشوور.
لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، دیموکراتەکان 253 کورسییان بە دەستهێناوە لە بەرامبەر 160 کورسی کۆمارییەکاندا، بەمەش دیموکراتەکان پێشەنگییان لەو ئەنجومەنەشدا گرتووە، لە کاتێکدا کە ڕکابەرییەکان بۆ 22 کورسی دیکە هێشتا بە نادیاری ماونەتەوە.
لانیکەم ڕکابەریی یەک کورسی لە ویلایەتی لویزیانا کە نوێنەرایەتی بازنەی 5ـی کۆنگرێسی ئەو ویلایەتە دەکات، دەکەوێتە خولی دووەمی دەنگدان کە لە 12ـی مانگی یەکدا بەڕێوەدەچێت تاوەکو نوێنەری کۆتایی ئەو ناوچەیە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دیاریبکات.
خولی نوێی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە 3ـی مانگی یەکی ساڵی داهاتووەوە دەستپێدەکات و بۆ دوو ساڵی کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دۆناڵد ترامپ لە کاردا دەبێت.