دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە تێیدا دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایان بەدەستهێنا، بە نزیکەیی مسۆگەر بووە کە حەکیم جێفریز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ حەوت خول، مێژوو دەنووسێتەوە بەوەی شیانی هەیە ببێتە یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەنجومەنی نوێنەران لە مێژووی ئەمەریکادا.
پێگەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
بەپێی یاسای شوێنگرتنەوەی سەرۆکایەتی ساڵی 1947، ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بە هەر هۆکارێک لە پۆستەکەی نەمێنێت، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە پلەی دووەمدا دێت دوای جێگری سەرۆک بۆ شوێنگرتنەوەی سەرۆک. ئەمەش بەو مانایەی کە ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا و جێگرەکەی لە یەک کاتدا نەتوانن لە ئەرکەکانییان بەردەوام بن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێتە سەرۆکی وڵات.
بەرپرسیارێتی و ئەرکە سەرەکییەکانی
بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکان: سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، سەرپەرشتی و ئاڕاستەی گفتوگۆکان دەکات، وەک دادوەر لە مشتومڕەکاندا کاردەکات، و بە بەکارهێنانی چەکوش سیستەم و ڕێکاری دانیشتنەکان دەپارێزێت.
سوێنددانی ئەندامان: سوێندی یاسایی بە ئەندامانی نوێ و هەڵبژێردراوەکان دەخوات، بە کۆمەڵ یاخود بە جیا.
پێکهێنانی کۆمیتەکان: کۆمیتە تایبەت و کارگێڕییەکان پێکدەهێنێت کە ئەرکییان ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دانیشتنەکانە.
ڕابەرایەتی پارتی سیاسیی: لە هەمان کاتدا سەرۆکی پارتی زۆرینەیە لە ناو ئەنجومەنەکەدا.
ئایا سەرۆکی ئەنجومەن سەرپەرشتی هەموو مشتومڕەکان دەکات؟
سەرپەرشتیکردنی مشتومڕەکان: سەرۆکی ئەنجومەن تەنها سەرپەرشتی دانیشتنە زۆر گرنگەکان دەکات و بۆ مشتومڕەکانی دیکە ئەندامانی دیکە دەستنیشان دەکات تاوەکو سەرپەرشتییان بکەن.
مافی دەنگدان: سەرۆکی ئەنجومەن هەمان مافی دەنگدانی ئەندامانی دیکەی هەیە، بەڵام بەپێی نەریت تەنها لە پڕۆژە چارەنوسسازەکاندا یاخود بۆ یەکلاییکردنەوەی دەنگە یەکسانەکان دەنگ دەدات. سەرەڕای ئەم نەریتە، لە ڕووی یاساییەوە سەرۆکی ئەنجومەن هیچ ڕێگرییەکی لەبەردەمدا نییە بۆ ئەوەی لەسەر هەموو پرۆژەیاساکاندا دەنگ بدات.
پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن
کات و شوێن: لە یەکەم ڕۆژی کارکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێدا هەڵدەبژێردرێت، کە زۆرجار دەکەوێتە 3ـی مانگی یەکەوە. ئەم پڕۆسەیە لەلایەن سەرۆکی پێشوو یاخود سکرتێری ئەنجومەنەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
شێوازی دەنگدان: دەنگدان بە شێوازی کراوەیە، هەر 435 ئەندامەکەی ئەنجومەن، یاخود ئەوانەی کە ئامادەن، بە دەنگ ناوی کاندیدی دڵخوازی خۆیان دێنن. ئەم ڕێکارە لە ساڵی 1839ـەوە پەیڕەو دەکرێت، کە پێشتر بە کاغەز دەنگدان ئەنجام دەدرا.
دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن: کاندید پێویستی بە زۆرینە هەیە، واتە بە دەستهێنانی 218 دەنگ یاخود زیاتر لە کۆی 435 ئەندامەکە.
ڕێکارەکانی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکە، کۆمیتەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن ڕێنمایی سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکەن بەرەو کورسی سەرۆکایەتی بە مەبەستی پێشکەشکردنی وتارەکەی. دەستبەجێ بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی یاسایی بە سەرۆکی نوێ دەخوات و دواتر ئاگادارنامەی فەرمی بۆ ئەنجومەنی سینات و کۆشکی سپی ڕەوانە دەکرێت.
کەی بۆ یەکەم جار کۆنگرێس سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژارد؟
لە 1ـی مانگی چواری ساڵی 1789ـدا، فرێدریک ئەی مۆلینبێرگ لە ویلایەتی پەنسلڤەینیا وەک یەکەم سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەڵبژێردرا. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 56 سەرۆک ئەو پۆستەیان وەرگرتووە.
ئەگەر حەکیم جێفریز هەڵبژێردرێت، دەبێتە 57ـەمین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی 120ـەمدا و شوێنی مایک جۆنسنی کۆماری دەگرێتەوە کە لە مانگی 10ـی ساڵی 2023ـەوە لەو پۆستەدایە.
سەبارەت بە حەکیم جێفریز
حەکیم جێفریز لە نیویۆک لە دایک بووە و لە ساڵی 2012ـدا وەک نوێنەری بازنەی 8ـی نیویۆرک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا. لە ساڵی 2023ـەوە سەرۆکی دیموکراتەکانە و سەرکردەی کەمینە بووە لە ئەنجومەنەکەدا.
جێفریز بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بینگهامتنی ویلایەتی نیویۆرک بە دەستهێناوە. ماستەری لە سیاسەتی گشتیدا لە زانکۆی جۆرج تاون بە دەستهێناوە، هەروەها بڕوانامەی یاسایی بە پلەی شەرەف لە زانکۆی نیویۆرک بەدەستهێناوە.