نێردەی پوتن پێش دانوستانەکانی ئاشتی ئۆکرانیا سەردانی واشنتن دەکات

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە کیریڵ دیمیتریڤ، نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، ڕۆژی پێنجشەممە بەشداری لە چالاکییەکی کۆشکی سپی دەکات کە میڵانیا ترامپ میوانداریی دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی بەرێوبەرایەتی ترامپ کۆدەبێتەوە.

ئەمە یەکەم پەیوەندی ڕووبەڕووی بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمەریکا دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە کە تێیدا دیموکراتەکان زۆرینەی دەنگەکانیان لە هەردوو ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێنا.

بڕیارە دیموکراتەکان هەوڵ بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا بدەن کاتێک کۆنگرەی نوێ لە مانگی یەکدا دەستبەکار دەبێت و ڕووبەڕووی هەندێک لە بڕیارەکانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ بەرامبەر بە ڕووسیا ببنەوە، لەوانەش سووککردنی سزاکان.

هەروەها گەشتەکەی دیمیتریڤ پێش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیایە کە بڕیارە لە ئەبوزەبی لە 10ی ئەم مانگەدا بە ئامانجی پێشخستنی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بەڕێوەبچێت.

کرملین ڕایگەیاندووە هیوادارن ترامپ بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی سەرەڕای شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوای وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند پێویستە دانوستانەکان بە خێرایی بەرەوپێش بچێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئۆکرانیا ئامادەیە هەنگاوی پێویست بنێت، بەڵام دەبێت گەرەنتییە ئەمنییەکانی دوای جەنگ بە تەواوەتی تۆکمە و متمانەپێکراو بن.