ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدەن کە دیموکراتەکان بەرەو بەدەستهێنانی زۆرینەی هەردوو خانەی کۆنگرێس هەنگاو دەنێن.
تا ئێستا دیموکراتەکان پێشکەوتنی بەرچاویان لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتدا بەدەست هێناوە، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا سەرۆکایەتی لیژنە گرنگەکانی کۆنگرێس و کارنامەی چاودێریکردنی حکومەت و یاسادانان لە ژێر کۆنترۆڵییاندابێت.
نوێترین پێشبینییەکان ئاماژە دەدەن بەوەی دیموکراتەکان ڕەنگە زیاتر لە 250 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و نزیکەی 55 کورسی لە سینات بەدەست بهێنن لە کاتێکدا تەنها 218 کورسی بۆ زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 51 کورسی بۆ زۆرینەی سینات پێویستن.
چاوەڕوان دەکرێت کە حەکیم جێفریزی دیموکرات لە مانگی یەکدا ببێتە یەکەم کەسی ڕەشپێست لە مێژووی ئەمەریکا کە دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
جێفریز درەنگانی شەوی سێ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی،"ئەمڕۆ سەرەتای هەڵسانەوەیەکی نوێیە بۆ ئەمەریکا. خەڵکی ئەمەریکا لە لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەم وڵاتە دەنگیان داوە و پەیامیان گەیاندووە کە بێزار بوون لە توندڕەوی و گەندەڵی. خەڵکی ئەمەریکا کۆنگرێسێکیان دەوێت کە خزمەت بە خەڵک بکات. کاتێک دیموکراتەکان لە مانگی یەک ئەنجوومەنی نوێنەران دەگرنە دەست، داواکارییەکانیان جێبەجێی دەکەین."
ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن کە لە ژمارەیەک ویلایەتدا ئەنجامەکان گۆڕانکاریی سیاسیی مێژووییان تۆمار کردووە. لە هەندێک ویلایەت کە دەیان ساڵ بوو هیچ بەربژێرێکی دیموکرات سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سیناتدا نەبینیبوو، ئەمجارە دیموکراتەکان توانیویانە کورسیەکان بەدەست بهێنن.
لە وەلایەتی کانزاس، یەکەم جارە لە ساڵی 1932ـەوە دیموکراتەکان کورسی ئەنجومەنی سینات دەبەنەوە. لە تەکساس، بردنەوەی کورسی سیناتی ئەو ویلایەتە یەکەم سەرکەوتنی دیموکراتەکانە لە ساڵی 1988ـەوە. لە کارۆلاینای باشوریش یەکەم سەرکەوتنیانە لە ساڵی 1998ـەوە.
هەروەها لە ویلایەتی میسیسیپی، کە تا ئێستا ئەنجامەکان یەکلانەبوونەتەوە، ئەگەر دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا یەکەم سەرکەوتنیان دەبێت لە هەڵبژاردنی سیناتدا لە ساڵی 1982ـەوە.
درەنگانی شەوی سێ شەممە، چەک شومەر، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی سینات، کە لە مانگی یەکدا دەبێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی سینات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی، "زۆر کەس بە گومانەوە سەیریان دەکرد، دەیانگوت ئەمە مەحاڵە. کەواتە چۆن سەرکەوتین؟ یەکەم و پێش هەموو شتێک گوێمان لە خەڵکی ئەمەریکا گرت، لە ئازار و کێشەکانیان؛ خەڵک زەحمەت دەکێشن و ژیانیان ئاسان نییە و نیگەرانن لە ئایندەی خۆیان و منداڵەکانیان. گوێمان لە خواست و پێویستییەکانیان گرت و بایەخ بەو شتانە دەدەین کە خەڵک داوایان دەکەن."
سەرکردەکانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس دانیان بە شکستەکاندا نا، بەڵام جەختییان کردەوە کە خۆیان بۆ کاری ئۆپۆزسیۆن ئامادەدەکەن.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی، "بۆ ئەو ئەمەریکییانەی کە بە ئەنجامەکانی ئەم شەو دڵخۆش نەبوون، دەمەوێت بڵێم منیش هەمان هەستم هەیە. بەڵام ئێمە هەرگیز بێ هیوا نابین، چونکە لە وڵاتێکدا دەژین کە باوەڕمان وایە مەزنترین وڵاتی جیهانە."
لە هەمان کاتدا جۆن تون، سەرکردەی کۆمارییەکان لە سینات و سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی سینات، ڕایگەیاند ئەنجامەکان کۆتایی پێشبڕکێی سیاسی نییە و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە سیاسەتەکانیان و کارکردن وەک ئۆپۆزسیۆن لە کۆنگرێس.
قۆناغی داهاتوو چییە؟
گواستنەوەی دەسەڵات لە کۆنگرێس پڕۆسەیەکە کە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت. کۆنگرێسی ئێستا هەتا سەرەتای مانگی یەک لەسەر کار دەمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا، زۆرینەی کۆماری هەوڵ دەدەن ژمارەیەک لە پڕۆژە یاسا و بڕیار پەسەند بکەن کە لە پێشینەی کارنامەیاندایە، پێش ئەوەی کۆنگرێسی نوێ بەسەرکردایەتی دیموکراتەکان دەستبەکاربێت.
لە هەمان کاتدا، هەردوو پارت دەست بە ئامادەکاری بۆدەستاودەستکردنی دەسەڵات بۆ کۆنگرێسی نوێ دەکەن. دیموکراتەکان کاندیدەکانیان بۆ سەرۆکایەتی لیژنەکان دیاری دەکەن و کۆمارییەکانیش خۆیان بۆ ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ئامادە دەکەن.
گرنگترین بابەت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەوە دەبێت کە کێ سەرۆکایەتی لیژنە گرنگەکانی وەک کاروباری دەرەوە و هێزە چەکدارەکان و هەواڵگری و بودجە دەکات؛ ئەو لیژنانەی کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە دیاریکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی ئەمەریکادا هەیە.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی 2026 تەنها هاوسەنگی هێز لە کۆنگرێسدا ناگۆڕن، بەڵکو کارنامەی یاسادانان و چاودێریکردن لە دوو ساڵی داهاتوودا دیاری دەکەن.