چەندین سەرکەوتنی مێژوویی لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا تۆمارکراون

لە دەنگدانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ساڵی 2026ـی ئەمەریکادا چەندین ئەنجامی مێژوویی تۆمارکران، لە نێوانیاندا هەڵبژاردنی یەکەم سیناتۆری مسوڵمان و یەکەم سیناتۆری بەئاشکرا هاوڕەگەزخواز و یەکەم ژنە ڕەشپێست بۆ پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتێک.

کاندیدی دیموکرات کێیشا لانس بۆتۆمس لە ویلایەتی جۆرجیا بووە یەکەم ژنی ڕەشپێست کە پۆستی فەرمانڕەوای ئەو ویلایەتە بە دەستبهێنێت و یەکەم سەرکردەی ژنە لە ویلایەتەکەدا کە توانیبێتی ببێتە فەرمانڕەوا.

دوو ویلایەتی تریش یەکەم فەرمانڕەوای پیاوی ڕەشپێستیان هەڵبژارد؛ لە ویلایەتی فلۆریدا بایرن دۆناڵدزی کۆماری سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە یەکەم فەرمانڕەوای ڕەشپێست لە مێژووی ئەو ویلایەتەدا. لە ویلایەتی ویسکانسنیش دەیڤد کڕاولیی دیموکرات بووە فەرمانڕەوا.

لە ویلایەتی میشیگن بەربژێری دیموکراتەکان عەبدول سەید توانی بەسەر مایک ڕۆجەرزی کۆماریدا سەربکەوێت و ببێتە یەکەم موسوڵمان کە لە مێژووی ئەمەریکادا بۆ ئەنجومەنی سینات هەڵبژێردرێت.

ئەمەریکا هەروەها یەکەم ژنی کە گەلانی ڕەسەن هەڵبژارد بۆ پۆستی فەرمانڕەوا. دێب هاڵاند لە نیومەکسیکۆ بووە یەکەم ژن لە گەلانی ڕەسەنی ئەمەریکا کە پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە بباتەوە. دێب هاڵاند پێشتریش مێژووی تۆمارکردووە، کاتێک لە ساڵی 2018 بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و بووە وەزیر لە ئیدارەی سەرۆکی پێشوو جۆو بایدندا.

هەروەها ئەنجومەنی سینات یەکەم ئەندامی ژنی لە گەلانی ڕەسەن دەبێت، ئەویش دوای هەڵبژاردنی پێگی فلانەگن لە ویلایەتی مینیسۆتا.

بەربژێری دیموکرات کریس پاپاس لە نیوهامشەر بووە یەکەم هاوڕەگەزخوازی بەئاشکرا لە مێژووی ئەمەریکادا کە بتوانێت ببێت بە ئەندامی سینات.

هەڵبژاردنە مێژووییەکانی تر بریتیبوون لە جینا هینۆهۆسای دیموکرات کە لە تەکساس بووە یەکەم ژنی بە ڕەگەز لاتینی پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەت بباتەوە؛ خافییەر بێسێرای دیموکرات لە کالیفۆرنیا بووە یەکەم فەرمانڕەوای بە ڕەگەز لاتینی لەو ویلایەتەدا لە ساڵی 1875ـەوە.

هەروەها دەنگەدەران لە تێنەسی کاندیدی کۆماری مارشا بلاکبێرنیان وەک فەرمانڕەوا هەڵبژرارد و لە مینێسۆتا دەنگدەران کاندیدی دیموکرات ئەیمی کڵۆبەچاریان کردە فەرمانڕەوا. یەکەم جارە دەنگدەرانی ئەو دوو ویلایەتە ژن بۆ پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەت هەڵدەبژێرن.

سەرجەم هەڵبژێردراوە نوێیەکان لە 3ـی یەکی ساڵی داهاتوودا دەستبەکاردەبن.