دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی، پیرۆزبایی لێکردن، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بە ڕەتکردنەوەی ڕابەرایەتیی خۆی لە پرسەکاندا نازانێت.
ترامپ درەنگانێکی شەوی سێشەممە بە کەناڵی فۆکس نیوزی گوت، "پیرۆزبایی لە دیموکراتەکان دەکەم؛ کارەکەیان بە باشی ئەنجام دا. ئەوان 11 ساڵە چاوەڕێی ئەم سەرکەوتنە بوون و لە کۆتاییدا گەیشتنە ئامانجی خۆیان. بەڵام من ئەمە بە گورزێک لە دژی خۆم نازانم، باوەڕم وایە زۆر کاری گەورەمان ئەنجام داوە. ئەم دوو ساڵەی کۆتایی کە ئێمە لە دەستەڵات بووین، سەرکەوتووترین ساڵەکانی مێژووی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بوون."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە ئەنجامەکانی دەنگدان قبووڵ دەکات و ئامادەیە لەگەڵ دیموکراتەکان کار بکات، چونکە ئەوان کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەکەن.
جەختی کردەوە لە پێویستی سازان و ڕایگەیاند سەرۆک بە گوێرەی دەستور مافی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی هەیە، بۆیە پێویستە دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بەیەکەوە کار بکەن.
لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیدا دیموکراتەکان توانییان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات بەدەستبهێنن.
ترەمپ بە تەلەفزیۆنی سی بی ئێس نیوزیشی گوت، "پەیامی من بۆ دیموکراتەکان پیرۆزباییە و چاوەڕێم لەگەڵتان بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان کار بکەم."