ژماردنی دەنگەکان لە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات چاوەڕوانی ئەنجامەکانن بۆ ئەوەی بزانن کامیان دەتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنێت و لە دوو ساڵی کۆتایی دووەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا کۆنترۆڵی کۆنگرێس بکات.
لە یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەدا، ڕۆی کوپەر، کاندیدی دیموکرات، توانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باکور کورسییەکی ئەنجومەنی سینات ببـاتەوە کە پێشتر لە دەستی کۆمارییەکاندا بوو. دیموکراتەکان پێش هەڵبژاردنەکە پێویستیان بە بەدەستهێنانی چوار کورسیی زیاتر لە کۆمارییەکان هەبوو، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەنجومەنی سینات لە حزبی کۆماریی ترامپ وەربگرنەوە.
هەروەها لە ویلایەتی جۆرجیا، جۆن ئۆسۆف، سیناتۆری دیموکرات، توانی دووبارە کورسییەکەی خۆی ببـاتەوە، لە کاتێکدا ئاشلی مودی، سیناتۆری کۆماری، لە ویلایەتی فلۆریدا بۆ خولێکی دیکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
چاودێرییەکی زۆریش بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی سینات لە ویلایەتەکانی ئەلاسکا، ئایەوا، کانزاس، مەین، میشیگان، ئۆهایۆ و تەکساس دەکرێت، کە پێشبینی دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگیانی لە دیاریکردنی ئەوەدا هەبێت کام حزب کۆنترۆڵی ئەنجومەنی سینات بەدەست دەهێنێت.
لە ئەنجامە نوێیەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا، کاندیدانی کۆماری هاریەت هەیگمان لە ویلایەتی وایۆمینگ، ئاندی بار لە کنتاکی و کێڤن هێرن لە ئۆکلاھۆما سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. هەرسێ کورسییەکە پێشتر لە دەستی کۆمارییەکاندا بوون. لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان توانییان کورسییە بەتاڵەکانی خۆیان لە ویلایەتەکانی ئیلینۆی و نیو هامشەر بپارێزن، بە سەرکەوتنی جولیانا ستراتن لە ئیلینۆی و کریس پاپاس لە نیو هامشەر.
هەروەها سیناتۆرە دیموکراتەکانی ویلایەتەکانی ڤێرجینیا، ماسەچووسێتس، ڕۆد ئایلەند، نیو جێرسی، کۆلۆرادۆ، نیو مەکسیکۆ و دێلەوێر توانییان دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بۆ خولێکی نوێی شەش ساڵە کورسییەکانی خۆیان لە ئەنجومەنی سینات بپارێزن.
ناوەندەکانی دەنگدان لە 50 ویلایەتی ئەمەریکا بە پێی کاتی ناوخۆیی هەر ویلایەتێک لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا دادەخرێن و ئەنجامەکان لە کاتژمێرەکانی دواتردا ڕادەگەیەندرێن، هەرچەندە لە هەندێک کێبڕکێدا ڕەنگە دیاریکردنی ئەنجامەکان چەند ڕۆژێک بخایەنێت.
لە هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممەدا، هەموو 435 کورسیی ئەنجومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسیی ئەنجومەنی سینات خراونەتە بەردەم دەنگدەرانەوە.
پێش هەڵبژاردنەکە، حزبی کۆماریی ترامپ زۆرینەیەکی کەمی لە هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسدا هەبوو، لە کاتێکدا حزبی دیموکرات هیوای بەوە هەبوو کە بە بردنەوەی کورسیی پێویست کۆنترۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە کۆمارییەکان وەربگرێتەوە.
دوای کردنەوەی ناوەندەکانی دەنگدان لە ڕۆژی سێشەممەدا، بەرپرسانی هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات گەشبینییان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەربڕی.
ترامپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی گوت، "پێم وایە ئەنجامەکان لەوەی ئێوە پێتان وایە باشتر دەبن."
لە بەرامبەردا، چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات، دوای ئەوەی دەنگی دا، گوتی، "ئەمشەو هەڵبژاردنەکە دەبەینەوە."
ئەو کاندیدانەی لە هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممەدا سەرکەوتوون، لە 3ـی یەکی ساڵی داهاتووەوە دەست بەکار دەبن.
لە زۆربەی ناوچەکانی ئەمەریکا، دەنگدەران پێش ڕۆژی فەرمیی هەڵبژاردنیش دەرفەتی دەنگدانیان هەبووە، چ لە ڕێگەی دەنگدانی پێشوەختەی ڕاستەوخۆ یان دەنگدان لە ڕێگەی پۆستەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تاقیگەی هەڵبژاردنی زانکۆی فلۆریدا، زیاتر لە 60 ملیۆن کەس پێش ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگیان داوە.
جگە لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، لە 36 ویلایەت لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمەریکا هەڵبژاردنی فەرمانڕەوا بەڕێوە دەچێت، هەروەها دەنگدەران نوێنەرانی ئەنجومەنە یاسادانەرەکانی ویلایەتەکان و بەرپرسانی خۆجێیی هەڵدەبژێرن.
کیشا لانس بۆتەمز، کاندیدی دیموکرات، لە هەڵبژاردنی پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتی جۆرجیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا بایرۆن دۆناڵدز، کاندیدی کۆماری، لە هەڵبژاردنی پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوت.
پێش هەڵبژاردنەکە، کۆمارییەکان زۆرینەیەکی کەمی پۆستی فەرمانڕەوایی ویلایەتەکانیان لەدەستدا بوو. دوا جار دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2006ـدا توانیبوویان زۆرینەی ئەو پۆستانە بەدەست بهێنن.