سێ ئاسمانگەڕی ئەمەریکایی لە وێستگەی نێودەوڵەتیی واڵایی لە بەرزیی زیاتر لە 400 کیلۆمەتر بەسەر ڕووی زەویدا ڕۆژی سێشەممە دەنگیان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دا.
ئەو سێ ئاسمانگەڕانە، کە ناوەکانیان ئەنیل مینۆن، جێسیکا واتکینز و لووک دێلەینییە، ئەندامی تیمی گەشتی 75ـی ئاژانسی واڵایی ئەمەریکا (ناسا)ـن، کە لە وێستگەی نێودەوڵەتیی واڵاییدا خەریکی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستین.
مینۆن، واتکینز و دێلەینی فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدانیان لە واڵاییەوە پڕکردەوە و بە شێوەیەکی پارێزراو ناردیانەوە بۆ بەرپرسانی هەڵبژاردن لەسەر گۆی زەوی.
ئەنیل مینۆن لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە، کە لە وێستگە ئاسمانییەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، چۆنیەتیی بەشداریی خۆی لە دەنگدان ڕوون کردەوە. ڕایگەیاند کە خۆی و دوو هاوکارەکەی توانیویانە لە وێستگەی واڵاییەوە مافی دەنگدانی خۆیان بەکاربهێنن.
مینۆن گوتی، "بەڵێ، مرۆڤ دەتوانێت تەنانەت لە واڵایی ئاسمانیشەوە دەنگ بدات! هەرسێ ئەندامی تیمە ئەمەریکاییەکە توانییان لە وێستگەی واڵاییەوە دەنگ بدەن. ئێمە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدانمان پڕکردەوە و بە شێوەیەکی پارێزراو ناردمان بۆ بەرپرسانی هەڵبژاردن."
ناسا ڕایگەیاند کە دەنگەکانی ئەو سێ ئاسمانگەڕە لە ڕێگەی تۆڕی پەیوەندییە واڵاییەکەی ئاژانسەکەوە نێردراون بۆ وێستگەیەکی زەمینی لە ویلایەتی نیومەکسیکۆ.
بەپێی ناسا، دواتر دەنگەکان لە ڕێگەی ناوەندی کۆنترۆڵی ئاژانسەکە لە شاری هیۆستنەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەرپرسانی ناوخۆیی هەڵبژاردن.
فۆڕمەکانی دەنگدان کە بۆ بۆشایی واڵایی دەنێردرێن، بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی کۆد دەکرێن، بۆ ئەوەی تەنها ئاسمانگەڕەکان و بەرپرسی هەڵبژاردن بتوانن ناوەڕۆکیان ببینن.
ناسا دەڵێت ئاسمانگەڕە ئەمەریکاییەکان لە ساڵی 1997ـەوە دەتوانن لە واڵایی ئاسمانەوە دەنگ بدەن، دوای ئەوەی ویلایەتی تەکساس یاسایەکی تایبەتی بۆ ڕێگەدان بەو جۆرە دەنگدانە پەسەند کرد.
دەیڤید وۆڵف، گەردوونەوانی ناسا، یەکەم ئاسمانگەڕی ئەمەریکایی بوو کە لە واڵاییەوە دەنگی دا.