دەنگدەرانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چارەنووسی کۆنترۆڵی کۆنگرێس یەکلایی دەکەنەوە

دەنگدەرانی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی بەشدار دەبن، بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنەی کە کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەگرێتە دەست لە وادەی ئەو دوو ساڵەی کە لە خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپدا ماوە.

هەر 435 کورسیەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسییەکەی ئەنجوومەنی سینات دەنگیان پێ دەدرێت.

پارتی کۆماریی ترامپ لە ئێستادا زۆرینەیەکی بچووکی لە هەردوو بەشی کۆنگرێس هەیە. پارتی دیموکراتیش هیوادارە هێندە کورسی زیادە بۆ خۆی بەرێتەوە کە بتوانێت هاوسەنگیی هێز لە دەستەڵاتنی یاساداناندا بە لای خۆیدا بەرێت.

دەنگدەران لە زۆربەی ویلایەتەکان دەیانتوانی پێش ڕۆژی هەڵبژاردن لە سێشەممە دەنگ بدەن، لەڕێگەی دەنگدانی پێشوەخت لە بنکەکانی دەنگدان یاخود لەڕێگەی پۆستەوە کە لە زۆر ناوچەدا هەن.

بەگوێرەی ناوەندی هەڵبژاردنەکان لە زانکۆی فلۆریدا، پێش سێشەممە زیاد لە 57 ملیۆن دەنگدەر پێشوەختە دەنگیان داوە.

ویلایتەکانی تەکساس، ئایەوا، کانسەس، مەین، میشیگن، ئۆهایۆ، و تەکساس ئەو ویلایەتانەن کە زۆرترین چاویان لەسەرە لە کێبڕكێکانی بردنەوەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی سیناتدا.

ئەو بەربژێرانەی ڕۆژی سێشەممە یەکلایی دەبێتەوە کە دەنگی پێویستیان هێناوە، لە بەرواری 3ـی مانگی یەکی 2027 دەستبەکار دەبن.

لەپاڵ هەڵبژاردنە فیدراڵییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتدا، هەروەها دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی فەرمانڕەوا بۆ 36 ویلایەت لە 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا دەکرێت. هەروەها دەنگدان لەسەر ئەندامانی دەستەی یاسادانەری ویلایەتەکان و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانیش دەکرێت.