لە کاتێکدا هاووڵاتیانی ئەمەریکا ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، واشنتن و تاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان. بەڵام گفتوگۆکانی ئەم دواییە، کە بە نێوەندگیری قەتەر ئەنجام دراون، هیچ پێشکەوتنێکییان بە خۆییەوە نەبینیووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوەئاوییەکانی تەنگەی هورمز بەردەوامە.
سەرۆکی ئەمەریکا، دوناڵد ترامپ، ڕۆژی یەکشەممە وتی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و تاران ئارەزووی درێژەپێدانی ئەو گفتوگۆیانەیە.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست وتی ئێرانییەکان بەردەوام باس لە گفتوگۆ دەکەن و دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام هۆشیاریدا ئەگەر دانوستاندنەکان بێ ئەنجامبن ئەوا هەموو هەڵبژاردەکان لەبەردەستن.
هەروەها لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە شارۆچکەی دوبیوک لە ویلایەتی ئایۆوا، ترامپ وتی ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی هێشتا یەکێکە لە بژاردەکان،"تەنها هۆکاری یەکلانەبوونەوەمان لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە دەمەوێت نەرمبم لەگەڵیان. دەمەوێت هەتا دەتوانین ژیانی خەڵک بپارێزم. بەڵام ڕەنگە بگەینە قۆناغێک کە ناچار بین هەنگاوی توند بنێین."
پاشان لە گفتوگۆیەکی تر لەگەڵ کەناڵی ڕایت ساید، ترامپ وتی ململانێی ئێستا لەگەڵ ئێران "بەخێرایی و بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی پێ دێت."
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئێران بۆ "هەردوو ڕێگا، واتە بەرگری و دیپلۆماسی" ئامادەیە. هەمان ڕۆژ، دەستەی دانوستانکارانی ئێران دۆحەی پایتەختی قەتەریان بەجێهێشت. بەرپرسیارێکی ئێرانی، کە ناوی ئاشکرانەکراوە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند پێشنیارێکی نووسراو ئێستا لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەڵدەسەنگێندرێت.
بەپێی ئەو بەرپرسە، ئێران ئامادەیە تەنگەی هۆرمز بکاتەوە و گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، ئەگەر واشنتن بەشێک لە داواکارییەکانی تاران پەسەندبکات لەنێویاندا هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران و ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستووی ئێران و کۆتاییهێنان بە ململانێکە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە وتی، "ئەگەر ئەو مەرجانەی ئێران جێبەجێ بکرێن، ئەوا ئەگەری گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ تەنگەی هورمز و دەستپێکردنی دانوستاندن لە ماوەیەکی کورتدا هەیە."
هەروەها وتی، "هەموو ئەمانە پەیوەستن بە هەڵوێستی لایەنی ئەمەریکی کە چۆن دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ قۆناغەکانی داهاتووی ئەم پرۆسەیەدا بکەن."
چین داوای دانوستاندن دەکات
لە نێوان ئەو گۆڕانکارییانەدا، چین هەوڵەکانی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری دیپلۆماسی قوڵکردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوە، وانگ یی، لە پەکین دوو دانیشتنی جودای لەگەڵ عەلی باقری، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، و موساعید ئەلعەیبان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عەرەبستانی سعوودی، ئەنجام داوە.
بەرپرسەکەی سعوودیە نامەیەکی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە گەیاندووە بە شی جین پینگ، سەرۆکی چین.
هەروەها سەرۆکی چین میوانداری هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان، کرد و لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا، هەردوو وڵات داوایان لە واشنتن و تاران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هەوڵبدەن بۆ ڕێککەوتن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی.
هەروەها چین ڕاگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا نێردراوێکی تایبەت بۆ پشتیوانی لە ئاشتی و دیالۆگ ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
چەکی ئەتۆمی گرێ کوێرەی پرسەکەیە
سەرۆک ترامپ چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ململانێکە دڵنیابوونە لەوەی کە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.
لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست پرسیار لە ترامپ کرا کە ئایا بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت پێویستی بەوە هەیە کە ڕژێمی ئێران بگۆڕێت. ترامپ لە وەڵامدا وتی،"بەجۆرێک لە جۆرەکان دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەک ڕژێمەکەمان گۆڕیوە،" هەروەها وتی، "پێویستت بە کەسێک هەیە قسەی لەگەڵ بکەیت. ئێمە پرسیاردەکەین 'لەگەڵ کێ قسە بکەین؟' بەڵام بەلای منەوە بابەتەکە زۆر سادەیە، نابێت چەکی ئەتۆمیان هەبێت."
لە وەڵامێکی تر سەبارەت بەوەی هەندێک لە لایەنگرە سەختەکانی لە پارتی کۆماریی لە ململانێکەی لەگەڵ ئێران ناڕازین چونکە پێیان وابوو ترامپ پشتیوانی لە شەڕ ناکات، سەرۆکی ئەمەریکا وتی،"ئەگەر تەماشای بارودۆخەکە بکەین، شەڕێکی وام نەکردووە،" هەروەها وتی، "هەندێ خەڵکی تریش هەن ناڕازین چونکە ئێرانم بە تەواوی لەناونەبردووە."