کۆشکی سپی: %85ی توانای سەربازیی ئێران لەناوبراوە؛ 25 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی ڕژێم کەمکراوەتەوە

کۆشکی سپی لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوتەکانی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێراندا، زیاتر لە %85ی دامەزراوە و بنکەکانی سەربازیی ئێرانیان لەناوبردووە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە 150 کەشتیی سەربازیی ڕژێم کراوە کە لەگەڵ تەواوی ژێردەریاییەکانیان لەناوبراون. لە هەمان کاتدا ئاماژە بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران کراوە بە فەرمانی سەرۆک ترامپ، کە لانیکەم 25 ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوتی کۆماری ئیسلامی کەم کردووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، کۆشکی سپی ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی "دووەمین خولی سەرۆک ترامپ؛ بەڵێنەکان دران، جێبەجێ کران و ئەنجامەکان بەدەست هاتن" بڵاوکردەوە.

ڕاپۆرتەکە لیستی 127 بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپی تێدایە کە لە ماوەی دووەمین خولی سەرۆکایەتیدا جێبەجێ کراون.

کۆشکی سپی لە بەشی تایبەت بە ئێراندا، ئاماژەی بە بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ کردووە؛ ئەو بەڵێنەی کە ئێران نابێت هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

ترامپ پێشتر جەختی لەوە کردووەتەوە کە چەکی ئەتۆمی مەترسییەکی گەورەیە نەک تەنها بۆ ئەمەریکا، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان.

لە ڕوونکردنەوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنەدا، کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە قۆناغی یەکەمدا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێرانی لە فۆردۆ، ناتانز و ئیسفەهان کردنە ئامانج و لەناوی بردن.

کۆشکی سپی لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی و ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.