ترامپ: ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت؛ ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت لە کۆتاییدا دەبێت هەنگاو بنێین

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆدکاستی "پۆد فۆرس وان" سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاند ئەو وڵاتە ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و ئەمەریکا ڕێگە نادات ئەوە ڕووبدات.

ترامپ بە ئاماژە بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران وتی "ئێمە زۆر بە توندی لێمان دان، بەڵام ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت، ئەوان لەوە تێدەگەن و بڕیار نییە چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێویستی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا وتی "ئێمە دوو ڕێزی سەرکردەکانیانمان لەناوبردووە؛ بۆیە بە شێوەیەک دەتوانی بڵێیت گۆڕانی ڕژێم ڕوویداوە."

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد بۆ ئەوەی دانوستانەکان بەرەوپێش ببەین، دەبێت لایەنێکمان هەبێت دانوستانی لەگەڵ بکەین ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە لەگەڵ کێ قسە بکەین؟

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و وتی چونکە ئەگەر هەیانبێت بەکاری دەهێنن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئێرانی بە ڕژێمێکی زۆر ڕادیکاڵ ناو برد و وتی "ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆرە لە جیهاندا و ناتوانین ڕێگەی پێبدەین چەکی ئەتۆمیان هەبێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مانەوەی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمەریکا، وتی ئێمە تا ئێستا بڕیارمان نەداوە کاری ئێران یەکلا بکەینەوە،چوون حەزی لە دانوستانە.

وتیشی "ئێمە لەگەڵیان میهرەبان بووین، چونکە ئەوان دەیانەوێت قسە بکەن و دایمە قسە دەکەن. بەڵام لە شوێنێکدا ناچار دەبین پرسی ئێران یەکلا بکەینەوە. ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن. با بزانین رێککەوتن چی دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا نەوت لە تەنگەی هورمزەوە دەگوازرێتەوە و بڕی ئەو نەوتەی بەم ڕێگایە تێدەپەڕێت ئاستی پێش شەڕی تێپەڕاندوە."

لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئێران ڕووبەڕووی کێشەی ناوخۆیی بووەتەوە، مووچەی کارمەندە سەربازییەکانی نادات و دۆخی وڵات بەرەو خراپتربوون دەڕوات.

ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانی ئەمەریکا جبەخانەی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوبردووە و دوای لێدانی چەندین گورزی قورس، خۆیان لە بەردەوامیی ململانێی ڕاستەوخۆ جارێ دوورخستووەتەوە.